رووداو دیجیتاڵ
راهێنەری هەڵبژاردەی ئێران دەڵێت "مۆندیال بەبەشداریی 48 هەڵبژاردە قورستر دەبێت و ئێستا هەلی گەیشتن بە قۆناخی شازدە لاوازترە".
ئەمیر قەڵعەنویی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئێران لە دوای گەیشتنی هەڵبژاردەکەی بۆ مەکسیک گوتی "رێگەم بدەن شتێکتان بۆ روون بکەمەوە. بیرۆکەی پاڵەوانێتیی 48 تیپی لە راستیدا قورسترە. لایەنە تەکنیکییەکەی روون دەکەمەوە. سەیر بکەن، کاتێک 32 تیپ هەبوون، سێ هەلتان هەبوو. واتە، سێ یاریتان دەکرد و هێشتا دەتوانن بگەنە قۆناخی 16. بەڵام لەگەڵ 48 تیپ، کاتێک دەگەیتە قۆناخی 32، تەنیا یەک هەلت هەیە".
راهێنەری ئێران زیاتر گوتی "بۆ نموونە، لە پاڵەوانێتیی پێشوودا، ئێران بە جیاوازی شەش گۆڵ دۆڕا. یاری دووەمی بردەوە و لە یاری سێیەمدا هێشتا چانسی هەبوو بە بەرامبەربوون سەربکەوێت. کەواتە کاتێک ژمارەی تیپەکان زیاد دەکات، لە راستیدا کارەکە قورستر دەبێت. زۆر دڵخۆش بووم کە زۆر زوو سەرکەوتین. ئەگەر تەنیا دوو تیپ لە ئاسیاوە سەربکەوتنایە، ئەوا ئێران و ژاپۆن دەبوون. ئەگەر لە سیستەمی 32 تیپیدا بووینایە، سێ هەلمان هەبوو".
ئەمیر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "کەواتە، بە بڕوای من، هەندێک کەس بەبێ لێکۆڵینەوە لە پرسەکە یان تێگەیشتن لە لایەنە تەکنیکییەکان دەڵێن، چونکە 48 تیپە ئاسانتر دەبێت. نەخێر، لە راستیدا چونکە قۆناغی 32 قۆناخی کرانە دەرەوەی یەکجارییە قورستر دەبێت".
هەڵبژاردەی ئێران دوای ماوەیەکی زۆر لە چاوەڕوانی بۆ وەرگرتنی ڤیزا بۆ یاریزانان و ئەندامانی شاندی هەڵبژاردەکە لە ئەنتالیای تورکیاوە گەیشتە شاری تیخوانای مەکسیک و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکانی مۆندیال دەستپێکرد.
ئێران لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی حەوتەم یاریی دەکات، رووبەڕووی نیوزلەندا، بەلجیکا و میسر دەبێتەوە.




