رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە بەئاهەنگێکی ناوازە و سەرنجڕاکێش کاژێر 19:00 بەکاتی باشووری کوردستان، ئەمڕۆ رکابەرییەکانی مۆندیالی 2026 دەستپێبکات، کە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا میوانداریی دەکەن.
مەکسیک کە ئاهەنگی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە لەسەر یاریگای ئازتیکای مێژوویی لە مەکسیکۆ سیتی ئەنجامدەدات، هەڵبژاردەی وڵاتەکەشی یاریی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە، بەرامبەر ئەفریقای باشوور ئەنجامدەدات.
ئاهەنگی کردنەوەی پاڵەوانێتییە جیهانییەکە، بەبەشداری چەندین هونەرمەندی گەورەی جیهانی ئەنجامدەدرێن، لە نێویاندا شاکیرا.
وەزارەتی ناوخۆی مەکسیک رایگەیاندووە، رێوشوێنی ئاسایشیی تووند بۆ دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی هاندەران و هەڵبژاردە بەشدارەکان لەسەر خاکەکەی گرتووەتە بەر.
حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاریداوە، بەبۆنەی دەستپێکردنی مۆندیالەوە، ئەمڕۆ خوێندن لەسەرجەم ناوەندەکان رابگرێت، جیا لەوەش کارمەندانی کەرتی حکومیی وڵاتەکە، دەتوانن لە ماڵەکانیانەوە، کارەکانیان رایی بکەن.
بڕیارەکەی حکومەتی مەکسیک، بۆ کەمکردنەوەی گوشاری سەر هاتووچۆیە لە مەکسیکۆ سیتی پایتەختی وڵاتەکە، کە بەیەکێک لە قەرەباڵخترین شارەکانی جیهان دادەنرێت.
حکومەتی مەکسیک، هەروەها بڕیاریداوە پشتگیری کەرتی تایبەتی وڵاتەکە بکات، بۆ رێگەدان بەکارمەندەکانیان بە کارکردن لە دوورەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێکی فراوانتر بۆ کەمکردنەوەی گواستنەوە و هاتووچۆی پایتەختی وڵاتەکە، لە رۆژی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکەدا.
هەڵبژاردەی مەکسیک، کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لە یەکەم یاریی پاڵەوانێتییەکەدا، رووبەڕووی ئەفریقای باشوور دەبێتەوە، لە رووداوێکدا کە پێشبینیکراوە ئامادەبوونی گەورەی هاندەران بەخۆوە ببینێت و جووڵەیەکی گەورە لە مەکسیکۆ سیتی دروست بکات.
مۆندیالی 2026 بۆ یەکەمجار لە مێژووی پاڵەوانێتییە جیهانییەکاندا، بەبەشداری 48 هەڵبژاردە ئەنجامدەدرێت و یارییەکان لەسەر یاریگاکانی هەرسێ وڵاتی میوانداریکەر، ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەدەچن.
بڕیارە لە ئەمریکا و کەنەداش، لە یەکەم یاریی پاڵەوانێتییەکە لەسەر خاکی ئەو دوو وڵاتە، ئاهەنگی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە ئەنجام بدرێت.




