رووداو دیجیتاڵ
گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت "سەرسامم بە ئێرلینگ هالاند، بەڵام نابێت لێی بترسین و بەرامبەر نەرویج پێویستە متمانەمان بە خۆمان هەبێت".
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یارییەکەیان بەرامبەر نەرویج کە بەرەبەیانی چوارشەممە کاژێر 01:00 بەڕێوەدەچێت، ئارنۆڵد لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی ئێرلینگ هالاندەوە گوت ی"دەبێت یارییەکە رووبەڕووبوونەوەی 'یەک بەرامبەر یەک' بێت. بێگومان ئێرلینگ هالاند یاریزانێکی ناوازەیە و من بە راستی سەرسامم بە شێوازی یاریکردنی؛ دەزانن، من خۆشم پێشتر هێرشبەر بووم و هالاند تەنیا هێرشبەرێکی سەرنجڕاکێشە، بەڵام دەبێت متمانەمان بە خۆمان هەبێت، وەک گوتم نابێت بترسین لەوەی بچینە ناو یاریگا و بەرامبەر ئەم یاریزانانە یاری بکەین. یاریزانەکان دەبێت بەپەرۆش بن، بچنە دەرەوە و بۆ ئەو جەنگی یەک بەرامبەر یەکە ئامادە بن. پێموایە ئەگەر یەک شت هەبێت عێراقییەکان هەیانبێت، ئەوە ورەیەکی جەنگاوەریی گەورەیە؛ ئەوان دەزانن چۆن یارییەکان کۆتایی پێ بهێنن و لەو رووبەڕووبوونەوە دووقۆڵییانەدا سەربکەون، ئەگەر بتوانین لە هەشت رووبەڕووبوونەوەی تاکەکەسی ئاودا ببەینەوە، ئەوا هەلێکی گەورەمان بۆ بردنەوە دەبێت."
راهێنەری عێراق لەبارەی ئەو یارییە و کەشوهەوای تیپەکەی دەڵێت "دەکرێت بە دوو شێوە سەیری بارودۆخەکە بکەیت؛ بێگومان ئێمە لە کۆمەڵەیەکی زۆر زەحمەتداین، بەڵام لە هەمان کاتدا، من زۆر بەپەرۆشم بۆ یارییەکە. نزیکەی سێ هەفتە و نیوە لە کەمپداین و هەموو رۆژێک چاوەڕێی ئەم ساتەین. مۆندیال چوار رۆژە دەستی پێکردووە و یاریزانەکان سەیری نزیکەی هەموو یارییەکان دەکەن، بۆیە زۆر بەپەرۆشن و ئامادەن. ئامادەن بچنە ناو یاریگا و ببنە بەشێک لەم مۆندیالە؛ وەک گوتم ئەمە شتێکی زۆر پڕ جۆش و خرۆشە. بێگومان نەرویج تیپێکی زۆر باشە، وەک هەموو تیپەکانی دیکەی ناو کۆمەڵەکەمان، بەڵام دەبێت باوەڕمان بە خۆمان هەبێت و ئازا بین لە یاریکردندا."
گراهام ئارنۆڵد، لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە باس لە سەرکەوتنی عێراق بۆ مۆندیال دوای ئەو هەموو ساڵە دەکات و گوتی "سەرکەوتن بۆ یەکەمجار دوای 40 ساڵ ساتێکی زۆر گەورەیە بۆ من. بەڵام هاوکات زۆر زۆر شانازی بە یاریزانەکانەوە دەکەم، ئەوان 45 بۆ 46 ملیۆن عێراقییان لە ناوخۆی وڵات سەربەرز کردووە. دەزانم زۆر لە عێراقییەکانی دەرەوەی وڵاتیشمان دڵخۆش کردووە. ئێمە هیچمان نییە بیدۆڕێنین، تەنیا هەوڵ بۆ بردنەوە دەدەین. ئەمە گەشتێکی نایاب بوو؛ کوڕەکان بە چەندین یاریی پڕ گوشار و پاشکۆی پاڵاوتنەکاندا تێپەڕین. وەک پێشتریش گوتوومە، پێم وایە پێویستە یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا چاوێک بە کارەکانیدا بخشێنێتەوە؛ فیدراسیۆنی عێراق و یاریزانەکان ناچار بوون 21 یاریی پاڵاوتنی مۆندیال ئەنجام بدەن! بۆیە ئەوان بە گوشارێکی زۆری یارییەکانی پاشکۆدا تێپەڕیون و ئێستا دەزانن گوشار واتە چی، کە ئەمەش ئەزموونێکی فێربوونی باش بوو بۆیان."




