رووداو دیجیتاڵ
ئاشکرابوونی سکانداڵێکی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، هەڕەشە لە دەرکەوتنی هەڵبژاردەکە لە مۆندیال دەکات.
میدیای بەرازیل ئاشکرایانکردووە، سەمیر شاوودی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، لەماوەی رابردوودا و لەسەر تێچووی فیدراسیۆنەکە، دوو کەپڵی جیاوازی لەگەڵ خۆیدا بۆ دوو گەشتی جیاواز بردووە.
بەرازیل کاروانی خۆی لە مۆندیالی 2026 بە یەکسانبوون لەگەڵ مەغریب بە گۆڵێک دەستپێکرد. هەڵبژاردەکە لە یارییەکەدا ئاستێکی باشی پێشان نەدا و ئەوەش گوشاری زۆری لەسەر یاریزانەکان و راهێنەرەکەی دروستکردووە.
لیۆ دیاس، کە رۆژنامەڤانێکی وروژێنەر و نهێنی ئاشکراکەرە رایگەیاندووە، سەمیر شاوود لەسەر پارەی فیدراسیۆنی تۆپی پێ، گەشتی دەرەوەی بەرازیلی کردووە و دوو ئافرەتی جیاوازی لەگەڵ خۆی، بردووەتە گەشتەکان.
میدیای بەرازیل دەڵێن، سەمیر دوو کەپڵی جیای لەگەڵ خۆیدا بردووەتە گەشتە نێودەوڵەتییەکانی. یەکەمیان ئافرەتێک بووە کە لەگەڵ خۆیدا بردوویەتی بۆ قەتەر، کاتێک چووەتە یاریی کۆتایی جامی ئینتەرکۆنتێنتال کە یانەی فلامینگۆ تێیدا بەشدارە و دووەمیان گەشتەکەی بووە بۆ نیویۆرک، چەند رۆژێک بەر لە دەستپێکردنی مۆندیالی ئەمساڵ.
سەرچاوەکان دەڵێن، لە کاتێکدا هاوژینەکەی شاوود لە بەرازیلەوە راستەوخۆ گەشتی مەکسیکی کردووە، بۆ ئامادەبوون لە یاریی کردنەوەی مۆندیال لە مەکسیک و ئەفریقای باشوور، خاوود لەگەڵ یەکێک لە کەپڵەکانی چووەتە نیویۆرک و لە رێستۆرانتێکی ئەو شارە لەگەڵ کەپڵەکەیدا بینراوە.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، بەشی هەرە مەترسیداری سکانداڵەکە ئەوەیە کە سەمیر سەرجەم تێچووی گەشتەکان، لە بلیتی فڕۆکە، مانەوە لە هوتێلی گرانبەها و خەرجیی رۆژانەی لەسەر بوودجەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل بووە.
سەرهەڵدانی سکانداڵەکە، هاوکاتە لەگەڵ ئەو تۆمەتانەی لەماوەی رابردوودا ئاراستەی هەمان سەرۆک فیدراسیۆن کراون، بەوەی پارەی فیدراسیۆنەکەی بۆ کارە کەسییەکانی خۆی بەکارهێناوە.
هەندێک لەسەرچاوە میدیاییەکانی بەرازیل دەڵێن، ئاشکرابوونی ئەو سکانداڵە لەم دۆخە هەستیارەی هەڵبژاردەی بەرازیل کە سەرقاڵی بەشداریکردنە لە مۆندیال، ململانێیەکی نێوخۆیی فیدراسیۆنەکەیە و ئامانج لێی، ناچارکردنی سەمیرە بەدەستلەکارکێشانەوە.
ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە، لە نێو فیدراسیۆنی تۆپی بەرازیلدا، ململانێ و باڵ باڵێنی گەورە هەیە و پێدەچێت کوڕی یەکێک لە ئەندامانی دادگای باڵای وڵاتەکە، کە دەیەوێت سەرۆکایەتیی فیدراسیۆنەکە بەدەست بهێنێت، لە ئاشكراکردنی سکانداڵەکەی سەمیرەوە گلابێت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، یەکێکە لە دامەزراوە هەرە دەوڵەمەندەکانی وڵاتەکە و ساڵانە بوودجەکەی 185 ملیۆن یۆرۆیە.




