رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی قەتەر لە گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی 2026، تووشی شکستێکی مێژوویی و گەورە بوو، کاتێک لەنێو خاکی ڤانکۆڤەردا بە 6 گۆڵی بێوەڵام بە کەنەدای خاوەن ماڵ دۆڕا.
سەرەتایەکی کارەساتبار یارییەکە بۆ قەتەرییەکان هەر لە سەرەتاوە بە خراپی دەستیپێکرد. تەنیا 15 خولەک بەسەر فیکەی دەستپێکدا تێپەڕی، کایڵ لارین
سوودی لە گەڕانەوەی تۆپێکی گۆڵپارێز وەرگرت و یەکەم گۆڵی کەنەدای تۆمارکرد.
نەهامەتییەکانی قەتەر تەنیا بە گۆڵێک نەوەستان، بەڵکو لەنێوان خولەکەکانی 29 بۆ 33 هەموو شتێک بۆ قەتەر کۆتاییهات، سەرەتا جۆناسان دەیڤد لە خولەکی 29 گۆڵی دووەمی کرد، دوای چوار خولەکیش هومام ئەمین بە کارتی سوور دەرکرا و قەتەری بە 10 یاریزانەوە جێهێشت. پێش کۆتایی هاتنی گێمی یەکەمیش، جۆناسان دەیڤد گۆڵی سێیەمی خۆی و هەڵبژاردەکەشی نووسییەوە.
هیوای قەتەر بۆ گەڕانەوە بە تەواوی لەبارچوو، کاتێک عاسم مادیبۆ بەهۆی لێدانێکی بەهێز لە ئیسماعیل کۆنی، کارتی سووری وەرگرت و قەتەر بووە 9 یاریزان.
لە خولەکی 70 ناسان سالیبا لە رێگەی لێدانێکی راستەوخۆ گۆڵی چوارەمی کرد. لە خولەکی 75دا، محەممەد مەناعی، بەرگریکاری قەتەر بە هەڵە گۆڵی پێنجەمی لە خۆیان کردەوە.
گۆڵەکانی کەنەدا لە خولەکی 90+2 کۆتایی هات، کاتێک جۆناسان دەیڤد گۆڵی سێیەمی خۆی و شەشەمی هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد و یارییەکەی بە ئەنجامێکی قورس بۆ قەتەرییەکان (6-0) کۆتایی پێهێنا.



