رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی مەغریب لە مۆندیالی 2026دا درێژەی بە نمایشە سەرنجڕاکێشەکانی دا و توانی سەرکەوتنێکی زۆر گرنگ و بەنرخ بەسەر هەڵبژاردەی سکۆتلەندا بەدەستبهێنێت.
لە یارییەکی بەهێزدا کە لەسەر یاریگای 'فۆکسبۆرۆ' و لە چوارچێوەی گەڕی دووەمی کۆمەڵەی سێیەم بەڕێوەچوو، شێرەکانی ئەتڵەس توانییان بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام سێ خاڵی گرنگ بەدەستبهێنن و بە کۆکردنەوەی 4 خاڵ، بە شێوەیەکی کاتی پێشەنگی کۆمەڵەکەیان بگرنە دەست، لە کاتێکدا چاوەڕێی ئەنجامی یاریی نێوان بەرازیل و هایتی دەکەن.
تۆمارکردنی گۆڵی سەرکەوتن زۆری نەخایاند، کاتێک لە خولەکی دووەمی دەستپێکی یارییەکەدا، ئیسماعیل سایبەری بە موشەکێکی بەهێز تۆڕی گۆڵی ئانجوس جانی هەژاند. گۆڵەکە دوای پاسێکی براهیم دیاز هات لە باڵی راستەوە، کە سایبەری بە لێدانێکی بەهێز لە گۆشەی سەرەوەی چەپی گۆڵەکەدا
جێگیری کرد و یاریگای هەژاند.
لە گێمی دووەمدا، مەغریبییەکان بە هەمان ورەی بەرزەوە گەڕانەوە و چەندین جار نزیک بوون لە دوو هێندەکردنی ئەنجامەکە، بەتایبەت کاتێک لێدانێکی دیکەی سایبەری بەر ستوونی گۆڵ کەوت و گۆڵپارێزی سکۆتلەنداش رێگری لە سەرکەوتنی لێدانە سەرییەکەی
خەنوس کرد.
کۆتاییەکانی یارییەکەدا یاریزانانی سکۆتلەندا هەوڵیان دا لە رێگەی لێدانەکانی ریان کریستی و سکۆت مکتۆمینای ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە، بەڵام زیرەکی و تووندوتۆڵی بەرگری مەغریب رێگەی نەدا هیچ سوپرایزێک رووبدات.
بەم ئەنجامە مەغریب بووە خاوەنی 4 خاڵ و سکۆتلەنداش لە پلەی دووەم بە 3 خاڵ مایەوە، تاوەکو یارییەکانی گەڕی کۆتایی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو.



