رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی بەرازیل بە ئاستێکی بەرز و سێ گۆڵی بێوەڵام توانی هەڵبژاردەی لە هایتی بباتەوە و بە فەرمی پێشەنگی کۆمەڵەی سێیەمی مۆندیالی 2026 بگرێتە دەست.
لە یارییەکدا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لەسەر یاریگای 'لینکۆڵن فینانشناڵ' لە شاری فیلادلفیای ئەمریکا بەڕێوەچوو، کوڕانی کارلۆ ئەنچێلۆتی توانییان یەکەم سەرکەوتنی خۆیان لە پاڵەوانێتییەکەدا تۆمار بکەن و بە جیاوازی گۆڵ پێش مەغریب بکەون، ئەمەش دوای کاژێرێکی کەم لە سەرکەوتنی مەغریب بەسەر سکۆتلەندا لە هەمان کۆمەڵەدا.
بەرازیلییەکان لە گێمی یەکەمدا بەتەواوی کۆنترۆڵی یاریگایان کرد و هەر زوو ماتیس کونیا لە خولەکی 23دا دەرگای گۆڵ تۆمارکردنی کردەوە و بەرازیلی پێشخست.
گوشارەکانی سامبا بەردەوام بوون و لە خولەکی 36دا هەمان یاریزان دوای پاسێکی ڤینیسیۆس جۆنیۆر، توانی گۆڵی دووەمی خۆی و هەڵبژاردەکەی تۆمار
بکات. پێش کۆتایی هاتنی گێمی یەکەمیش، ڤینیسیۆس جۆنیۆر ئەستێرەی ریال مەدرید بە تەنیا لەگەڵ گۆڵپارێزی هایتی رووبەڕوو بووەوە و بە شێوازێکی هونەری جوان گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد، تاوەکو یارییەکە لە نیوەی یەکەمدا بە سێ گۆڵی بێوەڵام یەکلایی بێتەوە.
گێمی دووەم گۆڕانکاریی بەخۆیەوە بینی و بەهۆی پێکانەوە رافینیا یاریگای جێهێشت و رایان هاتە شوێنی، هەرچەندە چەندین هەلی دیکە بۆ هەردوولا دروست بوو، بەڵام ئەنجامەکە وەک خۆی مایەوە تاوەکو فیکەی کۆتایی. بەم سەرکەوتنە بەرازیل بە کۆکردنەوەی 4 خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ پێش مەغریب کەوت کە ئەویش 4 خاڵی هەیە.
ئێستا سکۆتلەندا بە 3 خاڵ لە پلەی سێیەمە و هایتیش دوای دووەم شکستی یەک لەدوای یەک، بە فەرمی ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد و لە کۆتایی ریزبەندییەکەدا بەبێ خاڵ مایەوە.



