رووداو دیجیتاڵ
هاری کەینی هێرشبەری یانەی بایرن میونشن، براوەی خەڵاتی باڵۆندۆری ئەمساڵ، لە گوتاری تایبەت بەبەدەستهێنانی خەڵاتەکەدا، سوپاسی تۆتێنهامی کرد بۆ هاوکاریکردنی لەپێناو بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە، هەروەها باسی یاریزانانی هاوڕێی لە هەڵبژاردەی ئینگلتەرا کرا.
کەین بووە یەکەم یاریزانی ئینگلیزی لە دوای 25 ساڵ، خەڵاتی باڵۆندۆر بەدەست بهێنێت.
هێرشبەرەکەی بایرن، بەسەر هەریەکە لە کیلیان ئێمباپێ و لامین یامالدا سەرکەوت و بووە یەکەم یاریزانی ئینگلیزی لە دواین مایکڵ ئۆینەوە (2001) خەڵاتەکە بەدەست بهێنێت.
کەین کە لە تەمەنی 11 ساڵییەوە چووەتە یانەی تۆتێنهام، بەرلەوەی لە 2023 بڕوات بۆ بایرن میونشن، بەتایبەت سوپاسی یانەکەی پێشووی کرد.
ئەو گوتی، "دەمەوێت سوپاسی تایبەتی تۆتێنهام بکەم، بێگومان من نەدەگەیشتمە ئێرە و ئەم خەڵاتەم بەدەستنەدەهێنا، ئەگەر ئەوان نەبوونایە".
هەروەها دەڵێ، "لە تەمەنی 11 ساڵیمدا لەوێ بووم، بەهۆی رێنوێنی و ئامۆژگاریی راهێنەرەکانەوە، هەلی بەدەستهێنانی خەونەکانمم بۆ رەخسا".
زیاتر دەڵێ، "بێگومان ئەگەر ئەو هەموو ساتانە نەبوونایە کە پێکەوە بەسەرمانبرد، لە هەموو قۆناخەکانی سەرکەوتن و دابەزیندا، نەدەگەیشتمە ئەو رۆژەی باڵۆندۆر ببەمەوە".
هێرشبەرە ئینگلیزییەکە ناوی ژمارەیەک راهێنەری یانەی تۆتێنهامی هێنا، کە هاوکارییانکردووە لەماوەی یارییکردنی لە تۆتێنهام لە نێویاندا کریس رامسی، تیم شیرۆد و رایان ماسۆن کە ئەمی دواییانی بە هاوڕێیەکی نزیکی ناوبردووە.
کەینی 33 ساڵان، کە پێشەوایەتی ئینگلتەرای کرد بۆ بەدەستهێنانی پلەی سێیەمی جیهان لە مۆندیالدا، پەسنی توانای هاوتیپەکانیدا لە هەڵبژاردەکە.
ئەو گوتی، "بۆ هەموو هاوتیپەکانم لە هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، ساڵێکی ناوازەمان هەبوو، نموونەیی نەبوو، بەڵام ساتی ناوازەمان تێیدا هەبوو".
هەروەها گوتی، "پەیوەندی بەهێزمان لەنێوانماندا دروستکرد. رۆحێکی گەورەی کارکردنی بەکۆمەڵمان هەبوو، شانازییەکی راستەقینەیە لەپاڵ ئێوەدابم و کاپتنتان بم".
ئەو گوتی، خەڵاتەکە بۆ هەمووانە.
کاپتنی ئینگلتەرا، هەروەها چەند دێڕێکی ئاراستەی توخێلی راهێنەری ئینگلتەرا کرد و گوتی، "بۆ توخێل و یاریدەدەرەکانی، سوپاسی پێشەوایەتیکردنتان دەکەم، هەروەها سوپاسی شێوازی پاڵنانتان دەکەم بۆ هەنگاونانمان بەرەو پێشەوە، چونکە ئێوە هەروەها پێوەرەکانی ئاستمان بەرز دەکەنەوە و شانازیتان پێوە دەکەم".
هاری کەین لەسەر ستەیجی خەڵاتەکە، بەشێک لە قسەکانی ئاراستەی هاوژینەکەی کرد و گوتی، "بۆ کیتی هاوژینم، هاوڕێ نزیکەمە، پێکەوە بەساتی هەڵبەز و دابەزی زۆردا گوزەرمانکرد، تۆ گەورەترین پاڵپشتیکاری منیت، هەستمکرد تۆ لە من زیاتر بەپەرۆشیت بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە".
لە خەڵاتەکانی باڵۆندۆری ئەمساڵدا، لامین یامال بووە براوەی باشترین یاریزانی لاوی ساڵ و ئەلێکسیا پۆتێیاسیش باڵۆندۆری ئافرەتانی بردەوە.



