رووداو دیجیتاڵ
بەپێی هەڵسەنگاندنی سەرەتایی ئەو پێکانەی کە ئیسماعیل سیباری یاریزانی مەغریبی یانەی بایرن میونشن لە کاتی یارییەکەی بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموند تووشی بووە، ئەگەری هەیە یاریزانەکە تووشی پێکانێکی تووندی بەستەری پاژنەی بووبێت، کە ئەگەری هەیە بووبێتە هۆی دڕانی ماسوولکە و کاریگەری لەسەر بەستەری ئەژنۆش هەبێت.
پزیشکێکی چارەسەری سرووشتی لەبارەی ئەو پێکانەی سیباری روونیکردەوە کە پێکانەکە سەخت دەردەکەوێت، پێدەچێت پاژنەی پێی زۆرترین زیانی بەرکەوتبێت، لە هەمانکاتدا ئەگەری کاریگەری لەسەر بەستەری ئەژنۆی هەیە.
ئەو جەختی لەسەر سەختی پێکانە ئەگەرییەکان کردەوە، بەڵام دووپاتیشی کردەوە کە دەستنیشانکردنی پزیشکی دوابڕیار دەدات و پێویستە پشکنینی پزیشکی زیاتر بکرێت بۆ دیاریکردنی راددەی تێکچوونی بەستەرەکان، ئایا بەڕاستی یاریزانەکە تووشی دڕانی ماسوولەک بووە و ئایا کاتی چاکبوونەوەی چاوەڕوانکراو چەندە.
لە یارییەکەی بایرن میونشن لەگەڵ بۆرووسیا دۆرتموند لە کلاسیکێری بوندسلیگادا، کە بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ یەکسانبوون، سیباری تووشی پێکان بوو، لە خولەکی 29 یاریگای جێهێشت و ناتانیێل براون جێگەی گرتەوە.
هاندەرانی یانەی بایرن میونشن و هەڵبژاردەی مەغریب چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینە پزیشکییەکانی یاریزانەکەن، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو نیگەرانیانەی کە بەهۆی سروشتی پێکانەکەوە هاتوونەتە ئاراوە و پێشبینییە سەرەتاییەکان ئاماژەی باش نادەن، بەڵام پشکنینی پزیشکیی ورد بڕیار دەدات، ئایا قەبارەی پێکانەکەی چەندە و ماوەی دوورکەوتنەوەی چەند دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لەهەمان یارییدا ئۆلیسێی ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی باڤاریش تووشی پێکان بوو، یاریگای جێهێشت و هێشتا پشکنینی تەواوی بۆی نەکراوە.




