رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید بەردەوام بوو لەسەر رێڕەوی سەركەوتنەكانی لە خولی ئیسپانیا، و سێ خاڵی بەنرخی دەرەوەی یاریگەی خۆی بەدەستهێنا دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە سەركەوتنێکی بەسەر یانەی راسینگ سانتاندێردا تۆمارکرد.
مێرەنگی بە ورەیەکی بەرزەوە چووە ناو یارییەکەی ئەمڕۆوە، ئەوەش دوای بردنەوەکەی کلاسیکۆی گەڕی رابردوودا، لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا بە سێ گۆڵی بێوەڵام پێشکەوت.
کیلیان ئیمباپێ دەرگای گۆڵکردنی بۆ یانەی شاهانە کردەوە بە تۆمارکردنی لێدانێکی سزا، دوای ئەوەی لە ناوچەی سزا کەوت بەهۆی بەرکەوتنێک.
دواتر جود بيلینگهامی ئەستێرەی ئینگلیزی گۆڵی دووەمی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد دوای نیشاندانی جووڵەیەکی هونەری بەرز و سوودوەرگرتن لە پاسێکی وردی ئاردا گولەر.
ئەم ئاستە بەرزەش بە تۆمارکردنی گۆڵێکی نایاب لەلایەن یاریزانی لاو یان دیۆماندی کۆتایی هات، کاتێک تۆپێکی راستەوخۆی لەسەر هێڵی ناوچەی سزا ئاراستەی گۆڵ کرد.
لە نیوەی دووەمدا، ئاستی ریال مەدرید خاو بووەوە، سەرەڕای ئەوەی لێدانێکی ئێمباپێ لە ستوونی گۆڵ دا و گۆڵێکی دیکەی بیلینگهامیش رەتکرایەوە.
بەم سەرکەوتنە، کۆی خاڵەکانی ریال مەدرید گەیشتە 27 خاڵ و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی مایەوە، لە دوای بارسێلۆنای پێشەنگ بە 30 خاڵ و تەنیا بە یەک خاڵ لە دواوەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی دووەمەوە.
لە بەرامبەردا، یانەی راسینگ سانتاندێر دابەزی بۆ پلەی شازدەیەم دوای ئەوەی خاڵەکانی لە 11 خاڵدا راوەستان.




