رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی گوتی بەبەختم کە کۆمەڵێک یاریزانی ئازام هەن، کە بڕوایان بەخۆبەدەستەوەدان نییە.
مۆرینیۆ پێشەوایەتیی ریال مەدریدی کرد بۆ چوارەم بردنەوەی لەسەریەک، لە قۆناخی خولی چامپیۆنزلیگ، پاشئەوەی لە دوا خولەکەکاندا ریمۆنتادای بەسەر ئایک ئەسینای یۆنانیدا کرد و بە 3 - 2 گۆڵ لێی بردەوە.
بردنەوەکە جارێکی دیکە دووپاتی لە سووربوونی ریال مەدرید و یاریزانەکانی لەسەر جەنگان تاوەکو دوایین خولەک کردەوە، هەرئەوەش وای لە مۆرینیۆ کرد، متمانەی زۆر بەرامبەر یاریزانەکانی دەرببڕێت.
راهێنەرە پۆرتوگالییەکە دەڵێ، "ئەمجۆرە یارییانە لە دوایین خولەکەکاندا یەکلایی دەبنەوە، ئەوە تەنیا ئێمەین دەتوانین ئەو کارە بکەین، تەنیا ئێمە، چونکە کەرەستەی ئەنجامدانی کارەکەمان بەو شێوەیە هەیە".
ئەو دەڵێ، یاریزانەکان بڕوایان بەتوانای خۆیان هەیە لە گەڕانەوەدا، ئازان و منیش بەبەختم بەوەی ئەو جۆرە یاریزانانەم هەیە.
مۆرینیۆ، لەبارەی دەرکەوتنی ریال مەدرید بەئاستێکی خراپەوە دەڵێ، یانە یۆنانییەکە، یەکێک لە هۆکارەکانی دەرکەوتنی ریال مەدرید بوو، بەئاستێکی خراپەوە، ئەو دەڵێ، "بەرامبەر تیپێکی زۆر باش یاریمان کرد، یارییەکی ناوازەیان ئەنجامدا، لەوانەیە باشترین یاریی ئەوان بووبێت، ئەوان زۆر رێکبوون، لەسەرەتاوە تاوەکو کۆتایی، پشتیان بە یاریی راستەوخۆ بەست، هێزێکی گەورەی جەستەیی و چڕییەکی زۆریان پێشاندا، ئەوان یارییەکی ناوازەیان کرد".
ئەو هەروەها دەڵێ، وێڕای زەحمەتییەکان، لە یارییەکەدا ماینەوە، زانیمان چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، کەسایەتیی خۆمان پێشاندا، لە دوایین خولەکدا، کاتێک یارییەکە بۆ هەردوو یانە کراوەبوو، ئەو تیپە براوەبوو کە زۆرترین کوالیتی تاکانەی هەیە.
لەبارەی ئاستی ڤینیسیۆسەوە لە یارییەکەدا، راهێنەری ریال مەدرید رەتیدەکاتەوە کە یاریزانە بەرازیلییەکە، بووبێتە هۆکاری ئەوەی یان دیۆماندێ شوێنی یارییکردنی بگۆڕێت.
ئەو دەڵێ، ڤینی نەبووەتە هۆکاری هیچ گۆڕانکارییەک، دیۆماندی هاتە ریال مەدرید بۆ ئەوەی لەهەردوولای هێرشبەری یاریی بکات، نەک یەک لا، گرنگ نییە بەلایەوە لە کوێ یارییدەکات، بۆ ئەو هیچ شتێک ناگۆڕێت.
مۆرینیۆ، ئاستی ڤینی بەقبووڵکراو ناوبردووە، روونیکردووەتەوە کە گۆڕانکارییەکان تەنیا پەیوەندییان بە رووداوەکانی نێو یارییەکەوە نەبووە، بەڵکو ئەوەشی لەبەرچاو گرتووە کە شەممەی داهاتوو، تیپەکە بەرامبەر ڤالێنسیا لە لالیگا، یارییدەکات.
لە وەڵامی پرسیارێکدا، لەبارەی ئەوەی پێویستە بە نەرمتر یان تووندتر مامەڵە لەگەڵ ڤینیسیۆس بکات، مۆرینیۆ دەڵێ، " 80 لەسەد بەدەست راست و 20 لەسەد بەدەستی چەپ"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەکارهێنانی هەڵسوکەوتی نەرم بەرامبەری.
مۆرینیۆ پەسنی تواناکانی جود بێلینگهامی داوە، دەڵێ ئەو ناوازەیە، کۆمەڵێک تایبەتمەندی جیاوازی هەیە، کە لە یاریزانی دیکەی ناوەڕاستدا، بەئاسانی نادۆزرێنەوە.
ئەو دەڵێ، لەوەتەی من هاتوومەتە ریال مەدرید، جود ئاستی زۆر باشی پێشانداوە، توانای کارکردن و پێشەوایەتی هەیە، بەئاسانی دەگاتە گۆڵ و گۆڵ دەکات.
مۆرینیۆ لە کۆتاییدا باسی لە توانای یەدەگەکانی ریال مەدرید کردووە و دەڵێ، "زۆر راهێنەر، کاتێک تەماشای یەدەگەکانی ریال دەکەن، ئیرەییم پێدەبەن، کاتێک تووشی کێشەیەک دەبم و ئاوڕ لە یەدەگەکانم دەدەمەوە، دەبینم بژاردەی زۆرم لەبەردەستە، کۆمەڵێک یاریزانی ئاستبەرزمان هەیە، کە لەپێناو تیپەکەدا، بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆیان لەبیر دەکەن".
ریال مەدرید هاوتای پاریس سانجێرمان، تاکە دوو یانەی ئەمساڵی چامپیۆنزلیگن، سەرجەم یارییەکانی خۆیان لە قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتییەکەدا بردووەتەوە.




