رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک لە دەرەوەی یاریگای خۆی یاریی دەکات و دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانی یاریی رابردووی بەرامبەر یانەی گەرمە بکاتەوە.
ئەمڕۆ ئێوارە، کاژێر 18:30 یانەی دهۆک لە زاخۆ دەبێتە میوانی یانەی موسڵ، یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی 13ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت و ئەلهویێن چیا دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە لە خولەکەدا تۆماربکات.
دوای دوو رۆژ لە بایکۆتکردنی مەشق و راهێنانەکان، بەهۆی نەدانی شایستە داراییەکانیان، یاریزانانی یانەی دهۆک گەڕانەوە و لە دوایین دوو رۆژدا مەشقیان بۆ ئەم یارییە کردووە و سەرجەم یاریزانانی تیپەکە ئامادەن.
هەریەکە لە ئیگۆر هێنریکێ و رایکار سانتۆس، گەڕاونەتەوە نێو پێکهاتەی دهۆک و بۆ یارییەکە ئامادەن.
دهۆک لە یاریی رابردوودا بەرامبەر گەرمە دۆڕا، بۆیە دەیەوێت ئەمڕۆ ئەنجامێکی باشتری لەو یارییە هەبێت و هاندەرانی دڵخۆش بکات.
یانەی موسڵ، لە یاریی رابردوودا بەرامبەر یانەی جولان دۆڕاوە و ئەوانیش دەیانەوێت قەرەبووی ئەو دۆڕانە بکەنەوە.
پێش ئەم یارییە یانەی دهۆک لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە و خاوەنی 15 خاڵە، یانەی موسڵ لە پلەی شازدەیەمی ریزبەندە بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ.
سلێمان رەمەزان، راهێنەری یانەی دهۆک لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یارییەکە گوتی "دەمانەوێت ئەم یارییە بکەینە هەلێک بۆ ئەوەی قەرەبووی دۆڕاندنی یاریی رابردوو بکەینەوە، سەرەڕای ئەوەی تیپەکەمان بەهۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانیان بە دۆخێکی نائاساییدا تێپەڕیووە، بەڵام پێویستە هەموو شتێک بکەین بۆ ئەوەی باشترین ئاست پێشکێش بکەین."




