رووداو دیجیتاڵ
ئۆلی هۆنیس، سەرۆکی شانازیی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، گومانی لەوە هەیە، جەمال موسیالا، توانای گەڕانەوەی بۆ ئاستی پێشووی هەبێت، پاشئەوەی دووچاری شڵەژانی دەمارەکانی مێشک بوو.
موسیالا کە نزیکبوو لە چاکبوونەوە لە پێکان و گەڕانەوە بۆ یاریگاکان، لە مانگی هەشتی رابردوودا، دووجار بەبێهۆشی کەوتە سەرزەوی لەماوەی چەند رۆژێکی کەمدا، یەکەمجار دوای تەنیا شەش خولەک لە گەڕانەوە بۆ یارییکردن لەگەڵ یانەکەی، لە یاریی بەرامبەر هایدێنهایم کە بەبردنەوەی بایرن بە 4 - 2 گۆڵ کۆتایی هات.
پشکنینەکان دواتر دەریانخست ئەو یاریزانە تووشی شڵەژانی دەمارەکانی مێشکی بووە.
پێشتر موسیالا لە مۆندیالی یانەکان لە 2025، ئێسکی قاچی شکا و بەهۆیەوە نیوەی وەرزی دواتر بەشداریی هیچ یارییەکی نەکرد، بەرلەوەی لە سەرەتاکانی 2026 بگەرێتەوە یاریگاکان.
یاریزانەکە، لە مۆندیالی رابردوودا ئاستێکی باشی پێشکەش نەکرد و هەرزوو ماڵئاوایی کرد، هەروەها دواتر بەهۆی پێکان لە ماسوولکەکانی پشتەوەی رانی، لە مانگی نۆوە، لە یارییکردن دابڕا.
هۆنیس کە قسەی بۆ بەرنامەیەکی رادیۆیی کردووە، دەڵێ، "ئێمە لەو بابەتەدا رووبەڕووی ئاستەنگییەک بووینەتەوە، ئەو دووچاری نەخۆشییەک بووە کە چارەسەرکردنی ئاسان نییە، بەڵام دەکرێ بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانەوە، کەمێک کۆنترۆڵ بکرێت".
ئەو هەروەها گوتوویەتی، "بەڵام ئایا جەمال کاتێک دەگەڕێتەوە، هەمان ئاستی پێشوو بەدەستدەهێنێتەوە؟ چی دەبێت ئەگەر بایرن پێیوابێت ئیدی ئەو یاریزانە ناتوانێ ئەو ئاستە پێشکەش بکات، کە لە گرێبەستەکەیدا بۆی نووسراوە؟".
موسیالا، تاوەکو ئێستا زۆر دوورە لەو ئاستەوەی بەر لە 2025 پێشانیدا، پاشئەوەی بووە گۆڵکاری یۆرۆی 2024.
لێدوانەکانی هۆنیس رووبەڕووی رەخنەی هەندێک لە شارەزایانی تۆپی پێ و شرۆڤەکاران بووەتەوە، ئەوان پێیانوایە هۆنیس زۆر زوو دەستی بۆ بابەتێکی هەستیاربردووە، لە کاتێکدا نەدەبوو باسی مووچە و گرێبەستی ئەو یاریزانە بکات، تاوەکو دەگەڕێتەوە بۆ یارییکردن و دەرکەوتنەوە لە یاریگاکاندا.
لۆتار ماتیۆس، کاپتنی پێشووی بایرن میونشن پێیوایە، قسەکانی سەرۆکە شانازییەکەی یانەکە، هۆکارێکن بۆ هاندانی یاریزانەکە.
ماتیۆس دەڵێ، "هۆنیس رەخنەی پەردەپۆشکراو لە جەمال دەگرێت و دەیەوێت دەماری بگرێت، ناکرێ وا هەست بکات بۆ هەتاهەتایە پارێزراوە، بەڵکو دەبێ رووبەڕووی ئاڵنگاری و زەحمەتی ببێتەوە، تاوەکو ئەوە ببێتە بەشێک لە هۆکاری گەشەکردنی".
بایرن میونشن تاوەکو ئێستا بەفەرمی هیچ قسەیەکی لەسەر دۆخی موسیالا نەکردووە، تەنیا ئەوە نەبێت کە ئەو یاریزانە، چارەسەر بۆ نەخۆشییەکەی وەردەگرێت، لە کاتێکدا هەندێک لە میدیاکان پێیانوایە، بایرن میونشن چیدی بەرامبەر پێکان و کێشە تەندروستییەکانی موسیالا ئارام ناگرێت.




