رووداو دیجیتاڵ
دولۆریس ئەڤێرۆ ئەو ژنە پۆرتوگالییەیە کە رۆژێک بیری لە لەباربردنی منداڵەکەی نێو سکی دەکردەوە، کە کریستیانۆ بوو، بەڵام دواتر بەهۆی ئەو منداڵەوە بوو بە یەکێک لە ناسراوترین دایکانی جیهان.
دولۆریس ئەڤێرۆ، دایکی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی تۆپی پێی پۆرتوگالی، لەلایەن یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنەوە بەڕێزێکی تایبەت خەڵات دەکرێت؛ ئەمەش بەهۆی پەیوەندییە بەهێزەکەی بە یانەکە و پشتیوانیکردن بەردەوامی لە یانەکە.
بڕیارە ناوی دولۆریس ئەڤێرۆ لەسەر ناوەندی چاودێریی رۆژانەی سەر بە کۆمەڵەی 'لیوینش دی پۆرتوگال' دابنرێت، وەک رێزگرتنێک بۆ دایکی یەکێک لە گەورەترین ئەستێرەکانی تۆپی پێی جیهان.
بەپێی بەرنامەی رێوڕەسمەکە، لە 16ـی نۆڤەمبەردا، هاوکات لەگەڵ تەواوبوونی 22 ساڵ بەسەر دامەزراندنی ناوەندەکە، رێوڕەسمی ناونانی ناوەندەکە بەناونیشانی 'دولۆریس ئەڤێرۆ' بەڕێوە دەچێت.
دولۆریس ئەڤێرۆ کێیە؟
ناوی تەواوی دولۆریس، ماریا دولۆریس دوس سانتۆس ئەڤێرۆیە. ئەو یەکێکە لە ناسراوترین دایکان لە جیهانی وەرزشدا، بەهۆی رۆڵی گرنگی لە ژیانی کوڕەکەی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و ئەو قوربانییانەی لەپێناوی داهاتووی منداڵەکانی داویەتی.
دولۆریس لە 31ـی دیسەمبەری 1954 لە ناوچەی کانێساڵ، لە دوورگەی مادێرا لە پۆرتوگال لەدایکبووە.
منداڵییەکەی بە هۆی هەژاری و قورسایی ژیانەوە پڕبووە لە ئازار و ناخۆشی؛ کاتێک تەمەنی تەنیا پێنج ساڵ بوو، دایکی لەدەستدا و لە ژینگەیەکی سەختدا گەورە بوو.
دواتر لەگەڵ ژۆزێ دینیس ئەڤێرۆ هاوسەرگیری کرد و چوار منداڵی هەبوو: ئەلما، هوگۆ، کاتیا و کریستیانۆ، کە لە 5ـی2ـی1985 لەدایک بوو.
بیرکردنەوە لە لەباربردنی کریستیانۆ؛ نهێنییەکی سەرسوڕهێنەر
یەکێک لە سەرسوڕهێنەرترین بەشەکانی ژیانی دولۆریس، ئەوەیە کە لە کتێبی ژیاننامەکەیدا کە ساڵی 2014 بڵاویکردەوە، ئاشکرای کردووە کاتێک بۆ یەکەمجار زانی دووگیانە بە کریستیانۆ، بەهۆی بارودۆخی داراییی سەخت و بەرپرسیاریەتیی سێ منداڵی دیکەی، بیر لە لەباربردنی منداڵەکەی کردووەتەوە.
ئەو لە ژیاننامەکەیدا باس لەوە دەکات کە هەوڵی داوە بە شێوازێکی ماڵەوە کۆتایی بە دووگیانییەکە بهێنێت، بەڵام سەرئەنجام سەرکەوتوو نەبووە و کریستیانۆی لەدایک بووە.
دولۆریس دواتر بەئاشکرا باسی ئەو قۆناخە قورسەی ژیانی کردووە و ئاماژەی بەوە داوە کە لەدایکبوونی کریستیانۆ بووە بە یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی خۆشی و شانازیی لە ژیانیدا.
دایکێک کە رێگای سەرکەوتنی کریستیانۆی خۆش کرد
دولۆریس لە سەرەتای ژیانی وەرزشیی کریستیانۆدا رۆڵێکی زۆر گرنگی هەبوو، بەتایبەتی کاتێک کوڕەکەی لە تەمەنی منداڵیدا دوورگەی مادێرا و خێزانەکەی جێهێشت و بۆ پەیوەستبوون بە ئەکادیمیای سپۆرتینگ لیسبۆن رووی کردە لیسبۆن.
ئەو هەنگاوە بۆ خێزانەکە ئاسان نەبوو، بەڵام دولۆریس پشتیوانی لە خەونی کوڕەکەی کرد و لەگەڵ هەموو سەختییەکانی دوورکەوتنەوەی، هەمیشە هانی دا بۆ بەردەوامبوون.
دولۆریس بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزانەکەی لە بواری چێشتلێنان و پاککردنەوەدا کاری کرد، تا ئەوکاتەی سەرکەوتنەکانی کریستیانۆ لە جیهانی تۆپی پێدا بارودۆخی ژیانی خێزانەکەی گۆڕی.
نەخۆشییەکانیش نەیانتوانی بەهێزییەکەی بشکێنن
ژیانی دولۆریس تەنیا پڕ لە چیرۆکی قوربانی و سەرکەوتن نەبووە، بەڵکو رووبەڕووی کێشەی تەندروستیش بووەتەوە.
ئەو شەڕی لەگەڵ شێرپەنجەی مەمک کردووە، هەروەها لە مانگی ئاداری 2020 تووشی جەڵتەی مێشک بوو و بۆ چارەسەرکردن گوازرایەوە نەخۆشخانەیەک لە دوورگەی مادێرا، بەڵام دواتر بارودۆخی تەندروستیی باشتر بوو و دەستی بە قۆناخی چاکبوونەوە کردەوە.
پەیوەندییەکی بەردەوام لەگەڵ سپۆرتینگ لیسبۆن
سەرەڕای ئەوەی خێزانەکەی بوونەتە یەکێک لە ناسراوترین خێزانەکانی جیهان، دولۆریس هەرگیز پەیوەندیی خۆی بە سپۆرتینگ لیسبۆن نەبڕیوە؛ ئەو یانەیەی کە سەرەتای رێگای پیشەگەریی کریستیانۆی تێدا دەستی پێکرد.
بۆیە بڕیاری یانەکە بۆ ناونانی ناوەندی چاودێریی رۆژانە بەناوی ئەو، وەک ناسینەوەیەک بۆ پەیوەندییە مێژووییەکەی و پشتیوانیی بەردەوامییەتی بۆ یانەکە دەبینرێت.
لە دایکێکەوە کە لە هەژاری و سەختیی ژیاندا بیر لە نەهێشتنی منداڵە چوارەمەکەی کردەوە، تاوەکو دایکی یەکێک لە گەورەترین ئەستێرەکانی مێژووی تۆپی پێ؛ چیرۆکی دولۆریس ئەڤێرۆ چیرۆکی قوربانی، خۆڕاگری و خۆشەویستیی دایکە.




