رووداو دیجیتاڵ
کارگێڕیی یانەی وەرزشیی هیلال، کە لە سێ وەرزی رابردوودا پاڵەوانی خولی ژنانی سووریایە، چەند بڕیارێکی توندی دژی ژمارەیەک لە یاریزانە کوردەکانی خۆی دەرکرد.
کاپتن رەشۆ، راهێنەری تیپی ژنانی هیلال بە رووداوی راگەیاند؛ بەهۆی هەڵوێستی یاریزانەکان بۆ هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدان و دەستبەسەرکراوان، کە نەیانویستبوو کاتی گەڕانەوەیان لە شام بۆ قامیشلۆ ئاهەنگی سەرکەوتن بگێڕن، کارگێڕیی یانەکە 25 یاریزان و ئەندامی کارگێڕیی سزا داوە.
بەگوێرەی گوتەی کاپتن رەشۆ، کارگێڕیی یانەکە وەکو سزا بۆ ئەو هەڵوێستە، یاریزانە کوردەکانی لە بەشدارییکردن لە جامی یانەکانی رۆژئاوای ئاسیا بێبەش کردووە. هەروەها، یانەکە رەتیکردووەتەوە مووچە و شایستە داراییەکانیان پێ بدات، سەرەڕای ئەوەی ئەو یاریزانانە رۆڵێکی سەرەکییان لە بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانێتیدا هەبووە.
یانەی هیلال کە بنکەکەی لە شاری قامیشلۆیە و لە خولە فەرمییەکانی سووریادا یاری دەکات، لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی ئەستێرە کوردەکانەوە توانیویەتی باڵادەستیی خۆی لەسەر ئاستی تۆپی پێی ژنانی سووریا بچەسپێنێت.
تیپی ژنانی یانەی هیلالی شاری قامیشلۆ، دوای ئەوەی لە تیپی ژنانی پارێزگای حمسی بردەوە، بۆ جاری سێیەم لەسەریەک بووە پاڵەوانی خولی تۆپی پێی سووریا.
تیپی ژنانی هیلال لە ساڵی 2023 لە قامشلۆ دامەزراوە و لە سەرەتای دەرکەوتنیەوە توانیویەتی بەهێزەوە خۆی بسەلمێنێت و بۆ سێ وەرزی لەسەریەک نازناوی پاڵەوانێتی خولەکە بپارێزێت.

