رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا بەدوای هێرشبەرێکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا بیباتە ریزەکانی و شوێنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بگرێتەوە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، یانەی بارسێلۆنا دوای ماڵئاواییکردنی لە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، ئێستا بەدوای هێرشبەری نوێدا دەگەڕێت، یانەکە سێ بژاردەی لە پلانەکانیدا داناوە، جواو پێدرۆ، یاریزانی چێڵسی، جولیان ئەلڤارێز، ئەستێرەی ئاتلێتیکۆ مەدرید و گابریێل جیسۆس یاریزانی یانەی ئارسیناڵ.
بەپێی هەواڵی میدیای بەرازیل، جیسوس لە پلانەکانی یانەی بارسێلۆنادایە، ئەو یاریزانە گرێبەستەکەی لەگەڵ ئارسیناڵ هاوینی ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت، نرخەکەی لە بازاڕدا 20 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام رەنگە گواستنەوەی 45 ملیۆن یۆرۆی تێبچێت.
جگە لەوە جواو پێدرۆ و جولیان ئەلڤارێز لە پلانەکانی یانەکەدان، بەڵام نرخی ئەلڤارێز 90 ملیۆن یۆرۆیە و جواو پێدرۆش نرخەکەی 75 ملیۆن یۆرۆیە و دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە چاودێریی دۆخی یاریزانەکەی دەکرد لە جامی ئینگلتەرادا، بەڵام بەرزی نرخی هەردوو یاریزان رەنگە ئەرکی بارسا زەحمەت بکەن.
بارسێلۆنا شەوی یەکشەممە ماڵئاوایی لە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی کرد، دوای ئەوەی بەرامبەر ریال بێتیس، دوایین یاریی خۆی بەدرێسی یانەکەوە لە یاریگای کامپ نو ئەنجامدا.
بارسا لەم وەرزەدا نازناوی خولی ئیسپانیای بردەوە، هانزی فلیک، راهێنەری یانەکە زیاتر لە جارێک رایگەیاندووە، پێویستیان بە رێکخستنەوەی تیپەکە هەیە و بۆ ئەوەش دەیانەوێت یاریزانی نوێ بگوازنەوە.

