رووداو دیجیتال
رۆژی شەممەی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لە هۆتێل رەشید لە شاری بەغدا ئەنجامدەدرێت، عەدنان درجال کە ئێستا سەرۆکی یەکێتییەکەیە، بەهێزترین بەربژێری بوونەوە بەسەرۆکایەتیی یەکێتییەکە، لە کاتێکدا هەریەکە لە یونس مەحموود و ئەیاد بنەیان، بەربژێرن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی یەکێتییەکە.
پڕۆسەی هەڵبژاردن کاژێر چواردەی رۆژی شەممە دەستپێدەکات، 40 کەس خۆیان بۆ پۆستە جیاوازەکانی یەکێتییەکە بەربژێر کردووە، ئەندامانی دەستەی گشتی کە 61 کەسن و پێکهاتوون لە نوێنەری یانەکان، نوێنەری ناوبژیوانان، یاریزانانی دێرین و راهێنەران دەنگ دەدەن، ئەمجارە سیستەمی هەڵبژاردنەکە وایە کە هەر بەربژێرێک زۆرترین دەنگ بباتەوە، دەگاتە پۆستی سەرۆک یان پۆستەکانی دیکەی یەکێتییەکە.
لە هەرێمی کوردستان سەرەتا 7 کەس خۆیان بەربژێر کردبوو، بەڵام تەها زاخۆیی و سامان حەمەد نانەکەلی بەشێوەیەکی فەرمی لە هەڵبژاردنەکە کشانەوە، گۆڤەند عەبدولخالق، بەربژێرێکی دیکەی کوردە و شەقامی وەرزشی دەڵێن کشاوەتەوە، بەڵام هیچ قسەیەکی فەرمی نییە کە کشابێتەوە، عەبدوڵڵا جەلال بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی یەکێتییەکە بەربژێرە، بۆ پۆستی ئەندامێتیی یەکێتییەکە، بەربژێرەکانی کوردستان بریتین لە ئەحمەد قاسم، مەحموود ئەحمەد و هونەر جەوهەر.
عەبدوڵڵا جەلال، بەربژێری کورد لە هەڵبژاردنەکانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "دەمەوێت ببمە داکۆکیکار لە مافی یانەکانی کوردستان، هەروەک دەبینن لەماوەی رابردوودا، ستەمێکی زۆر لە یانە کوردستانییەکان دەکرێت، بۆیە دەبێت کەسێک هەبێت لە بەغدا بەرگرییان لێبکات".
بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، 3 کەس بەربژێرین، عەدنان درجال سەرۆکی ئێستای یەکێتییەکە بە دۆسێیەی گەیاندنی هەڵبژاردەی عێراق دوای چل ساڵ بۆ یارییەکانی مۆندیال جارێکی دیکە خۆی بەربژێرکردووەتەوە، یونس مەحموود، جێگری ئێستای سەرۆکی یەکێتییەکە و کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق، بە پاڵپشتی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای عێراق چاوی لە کورسیی سەرۆکایەتییەکەیە.
ئەیاد بنەیان، راوێژکاری پێشووی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وەرزش، ئەویش خۆی بۆ هەمان پۆست بەربژێر کردووە.
هەندێک لەسەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، دڵخوازترین کەس بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکایەتیی یەکێتییەکە، عەدنان درجالە، هەر بۆیە چاوەڕواندەکرێت بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق، دڵی یونس مەحموود، بەپێدانی پۆستێکی باڵای ناو حکومەت رازیی بکەن و رازیی بکەن بکشێتەوە لە بەربژێربوونی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی.
ئەگەر ئەو پڕۆسەیە رووبدات عەدنان درجال، گرەوەکە دەباتەوە و بۆ جاری دووەم لەسەریەک، پۆستی سەرۆکایەتیی یەکێتییەکە وەردەگرێتەوە.
درجال پێدەچێت لە مانەوە و بەردەوامبوونی لە پۆستەکەی بەردەوام بێت، دوێنێ شەو، لە پەیامی پیرۆزبایکردن لە یانەی جەوییە بەبۆنەی بردنەوەی نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق، باسی ئەوەیکردووە کە خۆی نازناوەکەیان پێشکەش دەکات.
رەشا تاڵب، ئێستا ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقە و بەرپرسی بەشی خانمانە و جارێکی دیکە بۆ هەمان پۆست خۆی بەربژێر کردووەتەوە، بۆ رووداو سپۆرتس روونیکردەوە "بەدڵنیاییەوە کاپتن عەدنان درجال، لە ماوەی سەرۆکایەتیدا توانی پێشکەوتن و شۆڕشێکی گەورە لە هەڵبژاردە جیاجیاکان بەرپا بکات، ئێمەش دەمانەوێت لە چوار ساڵی داهاتوو کارەکان بۆ ئاستی خانمان جێبەجێ بکەین، توانیم هەڵبژاردەی خانمان دروست بکەمەوە بۆ یاریگەی گەورە، ئێستا 80 خانمە یاریزانی عێراقیمان لە وڵاتە جیا جیاکانی دەرەوە دۆزیووەتەوە و بانگهێشتی هەڵبژاردەکەمانیان دەکەین ".
عەدنان درجال، ئەگەرچی لەماوەی رابردوودا و لەگەڵ گەرمبوونی باسوخواسەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی یەکێتییەکە رووبەڕووی رەخنە و هێرشی زۆری رکابەرەکانی بووتەوە، بەڵام کارەکانی ماوەی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی، پێدەچێ جارێکی دیکە ئەو ببەنەوە سەر کورسیی سەرۆکایەتی.
لەماوەی سەرۆکایەتیی درجالدا، هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپیی عێراق، گەیشتە ئۆڵۆمپیادی پاریس. هەروەها هەڵبژاردەی عێراق گەیشتە مۆندیالی 2026. هەڵبژاردەکە هەروەها نازناوی جامی کەنداوی 25ی بردەوە کە رکابەرییەکانی لە بەسڕە ئەنجامدران، ئەمە جیا لە بەرەوپێشچوونی ئاست و رکابەریی خولەکانی تۆپی پێی نێوخۆی عێراق.

