رووداو دیجیتاڵ
هەندێک لە میدیاکانی عێراق باس لەوە دەکەن کە بوونی یونس مەحموود بە سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق وادەکات یارییەکە لە عێراق گۆڕانکارییەکی گەورە بەخۆیەوە ببینێت بەهۆی کۆمەڵێک هەنگاوەوە کە سەرۆکە نوێیەکە بڕیاری داوە جێبەجێیان بکات.
هەندێک لەو سەرچاوانە سەبارەت بە خولی ئەستێرەکانی عێراق، نووسیویانە "ماڵئاوا خاترگیری و دواخستن، ماڵئاوا خولی چوار وەرزە".
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، دوای کۆبوونەوەی یەکێتیی نوێی تۆپی پێی عێراق لەگەڵ لالیگا، چەند بڕیارێک دراون و دەبێت جێبەجێ بکرێن، کە ئەمانەن:
* گەڕانەوەی جامی سوپەری عێراق، کە له سەرەتای وەرزی داهاتوو دەبێت بەڕێوەبچێت، کە بەمشێویە دەبێت:
نیوەی کۆتایی: پاڵەوان بەرامبەر چوارەم، واتا جەوییە بەرامبەر زەورا یاری دەکات. هەروەها پلەی دووەم بەرامبەر سێیەم، واتا شورتە بەرامبەر هەولێر یاری دەکات. هەردوو براوە یاریی کۆتایی ئەنجام دەدەن بۆ بردنەوەی نازناوەکە.
* خولی ئەستێرەکانی عێراق ئیدی دەبێت خولێکی ئاسایی و جێگیر بێت و یارییەکانی لە رۆژانی هەینی و شەممەی هەموو هەفتەیەک بەڕێوەبچن!
* هیچ دواخستنێک نییە. ئەو یانانەی بەشداری نێودەوڵەتییان هەیە رۆژی پێنجشەممە یاری دەکەن!
* یارییەکانی جامی عێراق لە ناوەڕاستی هەفتەدا بەڕێوەدەچن.
* خولەکە لە مانگی ئاب دەست پێدەکات و لە مانگی ئایار کۆتایی دێت، وەک خولە نێودەوڵەتییەکان.

