رووداو دیجیتاڵ
لە سووریا لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە راگەیاندنی هاشتاگێک بانگەشەی بایکۆتکردنی عەلەوییەکان دەکرێت، ئەمەش ناڕەزایی چالاکڤانانی پێکهاتە جیاوازەکانی لێکەوتووەتەوە. حکومەتی وڵاتەکەش جیاکاری رەتدەکاتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سووریا هاشتاگی (من دار نیم) بڵاوکراوەتەوە و مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، کاتێک دەگوترێت هاشتاگەکە "لەلایەن سوننەکانی سووریاوە بڵاو دەکرێتەوە و ئامانج لێی بایکۆتکردنی عەلەوییەکانی وڵاتەکەیە".
ئەو هاشتاگە پەیوەستە بە گوتەیەکی بەناوبانگی "جیم رۆن"ەوە. ئەو گوتوویەتی: "ئەگەر ئەو شوێنەی لێیی پێت خۆش نییە، خۆت بگۆڕە، تۆ دار نیت". ئەم گوتەیە بە گشتی بۆ هاندان بۆ گۆڕانکاری و جووڵە بەکاردێت، بەڵام هەندێک چالاکڤان دەڵێن، ئەم گوتەیە لە بارودۆخی سووریادا بە مەبەستێکی دیکە بەکارهێنراوە.
بەشێک لەو پۆستانەی لەژێر ئەو هاشتاگەدا کراون بە ناڕاستەوخۆ بانگەشەی ئەوە دەکرێ، "لە رووی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسیی و هەموو بوارەکانی ژیانەوە پێکهاتەی عەلەوەییەکان بایکۆت بکرێن؛ تێکەوڵاویی کۆمەڵایەتییان لەگەڵ نەکرێ و هەموو مامەڵەکەیان لەگەڵدا رابگیرێت".
لە بەشێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سووریا لەگەڵ پشتیوانی بۆ بایکۆتکردنی عەلەوییەکان، هەندێک کەس دەڵێن: "هاوڕێیەتی عەلەوییەکان مەکەن و بایکۆتیان بکەن"، چالاکڤانانیش ئەو هەڵوێستانە بە هاندانی رق و کینە دەزانن.
مازن محەممەد، چالاکڤانی سیاسییە، خەڵکی شاری جەبلەی کەنار دەریایە و خۆی عەلەوییە، ئەو بانگەشانە بە رەگەزپەرستی دەزانێت و دەڵێت: "سزادانی بە کۆمەڵ دژی عەلەوییەکان هەیە".
مازن محەممەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم کەمپەینە بەردەوامبوونی هەندێک کردەوەی پێشووە، لە نموونەی دەرکردن لەسەر کار بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە و کوشتن لەسەر ناسنامە".
ئەو چالاکڤانە عەلەوییە گوتیشی: "کەمپەینەکە دژی پێکهاتەیەک رێکخراوە و هەوڵە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانیش بۆ راگرتنی ئەم بانگەشانە کەمن".
مازن محەممەد داوای لە خەڵکی سووریا کرد، ئەو بانگەشانە دژی عەلەوییەکان رابگرن.
وەکو دژایەتیکردنی ئەو کەمپەینەی دژی عەلەوییەکان راگەیێندراوە، گرووپێک لە پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و گوتاری رقوکینە و جیاکارییان رەتکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "زۆر نیگەرانین لە زیادبوونی مەترسیی گوتاری رقوکینە و هاندانی مەزهەبی کە ئەم دواییانە لە سووریا سەری هەڵداوە، چ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێت یان پلاتفۆرمە جیاوازەکانی راگەیاندن یان لە رێگەی کەمپەینی رێکخراوەوە بێت، کە ئامانجەکەی بەئامانجگرتنی هەندێک پێکهاتەیە لەسەر بنەمای مەزهەبی، ئایینی یان کۆمەڵایەتی".
هەرچەندە پێکهاتەی سوننەکان بەو کەمپینانەی دژی عەلەوییەکان تۆمەتبار دەکرێن، بەڵام لە راگەیێندراوەکە هاتووە، "ناکرێت بەرپرسیارێتی کەسەکان بخرێتە ئەستۆی تەواوی پێکهاتەیەک".
ئەو کەسانەی راگەیێندراوەکەیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن: "ئەگەر بانگەوازێک بیەوێت رێگری لە مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان بکات بەهۆی ناسنامە یان ئایین، ئەمە تەنیا نادادپەروەری نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا دژی پرەنسیپەکانی دادپەروەری، هاووڵاتیبوون، مافەکانی مرۆڤ و پێکەوەژیانە".
جەمیل حەسەن، سیاسەتڤانی کورد لە سووریا کە واژۆی لەسەر راگەیێندراوەکە کردووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گوتاری رقوکینە و جیاکاری لە سەردەمی رژێمی پێشووی بەشار ئەسەددا دانراوە، ئەویش بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی هەموو پێکهاتەکان".
ئەو سیاسەتڤانە کوردە گوتی: "شەڕی 14 ساڵەی سووریا ئەم دابەشبوونەی قووڵتر کردووەتەوە". ئاماژەی بەوەشکرد، "دەبێت یەکسانی بە شێوەیەکی راستەقینە لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا جێبەجێ بکرێت، چونکە ئەگەر لە کرداردا نەبێت، هەر قسەیەک دەربارەی هاووڵاتیبوونی یەکسان بێمانا دەمێنێتەوە".
زۆرینەی ئەو کەسانەی دژایەتی عەلەوییەکان دەکەن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سووریا ناسنامەیان نادیارە. هەندێک چالاکڤانیش بە ئاشکرا دژایەتی ئەو پەیامانە دەکەن و هەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەڵامیان دەدەنەوە.
ئەیاد شەربەجی، کە خەڵکی دیمەشقە و لە فەیسبووکی خۆی دوو وێنەی بڵاوکردووەتەوە، یەکێکیان پشتگیری بایکۆتکردنی عەلەوییەکانە و ئەوی دیکەش دژی رقوکینەیە، دەڵێت: "دەبێت هەر کەسێک هەڵبژێرێت کە دەیەوێت کام پەیام بۆ نەوەکانی داهاتوو جێبهێڵێت."
عومەر حاجی ئەحمەد، لە وەزارەتی راگەیاندنی سووریا رایگەیاند: "حکومەت هەر جۆرە جیاکاری یان پەراوێزخستنێک لەسەر بنەمای مەزهەبی، ئایینی، نەتەوەیی یان ناوچەیی رەت دەکاتەوە."
ئەو بەرپرسەی حکومەتی سووریا رایگەیاند، "هەموو هاووڵاتییان خاوەنی هەمان مافن و پاراستنی یەکێتیی کۆمەڵایەتی و بەدیهێنانی هاووڵاتیبوونی یەکسان گرنگییەکی سەرەکیی هەیە".
عومەر حاجی ئەحمەد گوتی وەزارەتی راگەیاندن کار دەکات بۆ دروستکردنی ژینگەیەک بۆ راگەیاندنی پیشەیی و ئەخلاقی.


.jpg&w=3840&q=75)