رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە هەوڵەکانی جێبەجێکردنی مەرسوومی ژمارە 13ی ساڵی 2026ی سەرۆکایەتیی سووریا دەکات، کە رێگە هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەدات وڵاتینامەی سووریا وەربگرن.
زیاتر لە 10 هەزار کەس داواکارییان پێشکێش کردووە
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو کاتەوە دەرگای پێشکێشکردنی داواکاری لە 6ی نیسانی 2026 کراوەتەوە، زیاتر لە 10 هەزار و 500 کەس داواکارییان پێشکێش کردووە.
دەسەڵاتدارانی سووریا رۆژی 22ی ئایار رایانگەیاند، 2,892 خێزان (کە 10,516 کەس لەخۆدەگرن) لەرێگەی ناوەندەکانی دیمەشق، حەلەب، حەسەکە، رەققە و دێرەزوور داواکارییان تۆمار کردووە. بەهۆی زۆریی داواکارییەکان، وادەی پێشکەشکردن بۆ 15 رۆژی دیکە درێژ کراوەتەوە.
چارەسەرکردنی کێشەی بێ وڵاتینامەکان
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، ئەم مەرسوومە تەنیا رێکارێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو هەنگاوێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی مێژوویی کە رەگەکەی بۆ سەرژمێریی ساڵی 1962ی حەسەکە دەگەڕێتەوە. لەو ساڵەدا هەزاران هاونیشتمانی لە وڵاتینامە بێبەش کران و بەهۆیەوە لە زۆربەی مافە بنەڕەتییەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی، کار و بەشداریی سیاسی بێبەش بوون.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کەرەستەی رۆشنبیری و زانیارییان بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی ئامادە کردووە بۆ روونکردنەوەی رێکارەکان، هەروەها هاوبەشە یاساییەکانیشیان لە ناوەندەکان رێنمایی و هاوکاریی پێشکەشکاران دەکەن.
هەڵوێستی حکومەت و نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی سووریا دەڵێ، وەزارەتەکەی بەردەوامە لە جێبەجێکردنی مەرسوومەکەی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی باری شارستانی و چەسپاندنی یەکسانیی هاووڵاتیبوون و پاراستنی مافە مەدەنییەکان.
هاوکات ئەسیر مەدایەن، جێگری نێردەی سووریا ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران رایگەیاند: "چارەسەرکردنی کێشەی بێ وڵاتینامەکان بۆ بەهێزکردنی پاراستن، فەراهەمکردنی پێکەوەژیان و بەهێزکردنی هاوپێوەندیی کۆمەڵایەتی یەکجار گرنگە."
ئەسیر مەدایەن دووپاتی کردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ دەسەڵاتداران بۆ پشتگیریکردنی ئەو کۆمەڵگە و کەسانەی کە بەهۆی ئەم دۆخەوە زیانیان بەرکەوتووە.



