رووداو دیجیتاڵ
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا بڕیاری لابردنی ناوی سووریای لە لیستی دەوڵەتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر بە "وەرچەرخانێکی مێژوویی" وەسف کرد و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە دەرفەتێکی نوێ بە سووریا دەدات بۆ ئەوەی لە گۆشەگیرییەوە بەرەو هاوبەشیی نێودەوڵەتی هەنگاو بنێت.
رۆژی دووشەممە، 24ی ئابی 2026، باراک لە پەیامێکدا لە ئێکس رایگەیاند، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە فەرمی پۆلێنکردنی سووریای وەک "دەوڵەتێکی تیرۆریست" هەڵوەشاندەوە و گوتی: "ئەمە هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەیە لە گەشتی ناوازەی سووریا؛ لە وڵاتێک کە سەرچاوەی تیرۆر بوو، بۆ هاوبەشێکی پابەند لە شەڕی جیهانی دژی تیرۆر."
نێردەی ئەمریکا دەڵێت، ئەم پۆلێنکردنە بۆ ماوەیەکی زۆر وەک "دیوارێک" وابوو کە گەلی سووریای لە وەبەرهێنان و ئەو دەرفەتانە بێبەش کردبوو کە بۆ ئاوەدانکردنەوەی نیشتمانەکەیان پێویست بوون. باراک گوتی: "ئەمڕۆ دیوارێکی دیکە رووخا؛ ئێستا سەرمایە دەتوانێت جێگەی متمانێ بگرێتەوە، کارسازی جێگەی گۆشەگیری دەگرێتەوە و بازرگانیش بەسەر پاشاگەردانیدا سەردەکەوێت."
ئەمڕۆ سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆ یارمەتیدەر دەبێت بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر بۆ ناو سووریا بە مەبەستی بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری." وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بڕیارانە لە چوارچێوەی بەڵێنەکانی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دێن بۆ کەمکردنەوەی سزاکانی سەر سووریا.
رۆژی 8ی تەممووزی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، لابردنی سزاکان، بازرگانی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی چالاک دەکات و "لاپەڕەیەکی نوێ بۆ گەلی سووریا دەکاتەوە" تاوەکو دەست بە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە بکەن.
بە بڕوای تۆم باراک، ئەم بڕیارە تەنیا گۆڕینی ناوێک نییە، بەڵکو دانانی بەردی بناخەی پەیوەندییەکی نوێی نێوان ئەمریکا و سووریایە کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش، ئاسایشی دوولایەنە و خۆشگوزەرانی بونیاد دەنرێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، باراک ئاماژەی بەوە کرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و گوتی: "سووریا دەرفتێکی پێدراوە، ئێستا ئەرکی ئێمە ئەوەیە ئەم هەلە بگۆڕین بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانییەکی بەردەوام."
ئەم وەرچەرخانە دوای کۆبوونەوەکەی مانگی تەممووزی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع لە پەراوێزی لوتکەی ناتۆ لە تورکیا دێت. ترەمپ لەو کۆبوونەوەیەدا ستایشی شەرعی کرد و بە کەسایەتییەکی "رێزلێگیراو" وەسفی کرد.
ئەحمەد شەرع، کە پێشتر سەرکردایەتیی بەرەی نوسرەی دەکرد، لە ساڵی 2016ەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ قاعیدە پچڕاند و لە کۆتایی 2024دا سەرکردایەتی ئەو هاوپەیمانییەتییەی کرد کە کۆتایی بە دەسەڵاتی نیو سەدەی خێزانی ئەسەد هێنا.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، ئەم بڕیارە رێگە خۆش دەکات بۆ وڵاتانی ناوچەکە تاوەکو بە ملیاران دۆلار لە سووریادا وەبەرهێنان بکەن. چەندین کۆمپانیای سعودی پلانیان هەیە پڕۆژەی گەورە لەو وڵاتەدا جێبەجێ بکەن، هەروەها وڵاتانی دیکەی کەنداویش بەڵێنی هاوکاریی داراییان داوە.



