رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی سووریا رایانگەیاند، لە پێکدادانێکی چەکداریدا لە پارێزگای ئیدلب لە باکووری رۆژئاوای وڵاتەکە، چەکدارێکی فەرەنسیی سەر بە گرووپە جیهادییەکان کوژراوە؛ گرووپەکەش هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکات.
بەپێی راگەیێندراوێکی هێزە ئەمنییەکانی ئیدلب، رووداوەکە دوای ئەوە هاتووە کە چاودێریی "گرووپێکی چەکداریان کردووە لە کەمپی حارم (کە بە کەمپی فەرەنسییەکان ناسراوە) دەردەچوون، بە پێشێلکردنی ئەو رێککەوتنەی کە چوونەدەرەوەی بە چەک لە کەمپەکە قەدەخە دەکات."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە چەکدارە بیانییەکان تەقەیان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە و ئەوانیش وەڵامی سەرچاوەی تەقەکەیان داوەتەوە، لە ئەنجامدا چەکدارێکی ئەو گرووپە کوژراوە و هاووڵاتییەکی سڤیلیش بریندار بووە.
لە بەرامبەردا، گرووپی "فیرقەتولغورەبا" (لیوای نامۆکان) لە کەناڵی تێلیگرامی خۆی، هێزە ئەمنییەکانی سووریای تۆمەتبار کرد بەوەی تەقەیان لە چەکدارەکانیان کردووە لە کاتێکدا "بۆ کڕینی خواردن چوونەتە نێو شارەکە"؛ هاوکات کوژرانی چەکدارێکی خۆی بە ناوی "ئەبوو ئەیمەن فەرەنسی" پشتڕاستکردەوە.
گرووپەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو کەسە ماوەی 13 ساڵ بوو لە سووریا شەڕی دژ بە رژێمی بەشار ئەسەد دەکرد، هەڕەشەشیان کردووە کە "ئەم خاکە بەجێناهێڵن پێش ئەوەی تۆڵەی خۆیان بکەنەوە."
فیرقەتولغورەبا چییە؟
گرووپی فیرقەتولغورەبا لەلایەن عومەر دیابی (ناسراو بە عومەر ئۆمسێن) سەرکردایەتی دەکرێت، کە بەڕەچەڵەک فەرەنسی-سەنیگالییە و بە "تیرۆریستێکی نێودەوڵەتی" لەلایەن ئەمریکا و فەرەنساوە داواکراوە. ژمارەی چەکدارانی گرووپەکە لە نێوان دەیان بۆ 100 چەکداری فەرەنسی زمان دەبێت و لەگەڵ خێزانەکانیان لە ناوچەی حارمی سەر بە ئیدلب نیشتەجێن.
لە ئەیلوولی 2016دا، ئەمریکا عومەر دیابی خستە لیستی "تیرۆریستانی نێودەوڵەتی" بە گومانی هاوکاریکردنی چەکدارە فەرەنسی زمانەکان بۆ گەیشتن بە سووریا.
دۆسیەی چەکدارە بیانییەکان لە سووریا یەکێکە لە ئاڵۆزترین پرسەکان، بەتایبەت کە لە ماوەی دەستپێکی جەنگی ناوخۆی سووریادا سەدان هاووڵاتیی فەرەنسی چوونە نێو گرووپە تووندڕەوەکان و ئێستاش وڵاتەکەیان ئامادە نییە وەریانبگرێتەوە.



