رووداو دیجیتاڵ
زانایەکی ئایینیی کورد لە شاری کۆنیای تورکیا لە حوجرەیەکدا قوتابییان بە زمانی کوردی پەروەردە دەکات، ئێستا 70 قوتابی لە حوجرەکەدا دەخوێنن.
ئەو حوجرەیە 30 ساڵە وەکو ناوەندێکی پەروەردەیی کار دەکات و بووەتە قوتابخانەیەک بۆ پێگەیاندنی دەیان مامۆستای ئایینی و فێرکردنی ئایینی ئیسلام بە فێرخوازان. مەلا محەممەد ساڵح، دامەزرێنەر و مامۆستای حوجرەکەیە، ئەو کە لە ساڵی 1953 لەدایکبووە، لە ساڵی 1992 ئەو حوجرەیەی کردووەتەوە.
دامەزرێنەری حوجرەکە نزیکەی 50 کتێبی بە زمانی عەرەبی لە بوارەکانی تەسەوف، سوننەت و پەروەردەیی نوسیوە. هەروەها لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاوەکو ئێستا، حوجرەکە هەزاران فەقێ و مامۆستای ئایینی پەروەردە کردووە.
مەلا محەممەد ساڵح، دامەزرێنەر و مامۆستای حوجرەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوە 30 ساڵە ئێمە لێرەین لە کۆنیا، پێشتر حوجرەمان لە قزلتەپە هەبوو، خوای گەورە کارئاسانی بۆ کردین و هاتین حوجرەکەمان هێنایە کۆنیا، بە سەتان خەڵک لێرە پەروەردە کراون، نەک لە تورکیا بە تەنیا، بەڵکو لە زۆر وڵاتی دیکەش خەڵک [کە لەوێ پەروەردە کراون] خزمەت دەکەن."
ئەو حەجرەیە کە لە لایەن خێرخوازانەوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت، ئێستا 10 مامۆستا، 70 فەقێ پەروەردە دەکەن.
عەبدولخاڵق ئاکنجی، مامۆستایەکی حوجرەکە باسی لەوە کرد: "فەقێکانمان دێنە ئێرە و وانە دەخوێنن، ئێمەش فێری پەروەردەیان دەکەین و ئەو هەڵانەی هەیانە، بۆیان راست دەکەینەوە. فەقێکان وانەکانیان دەخوێنن و کتێبەکانیان بە باشی دەخوێنن، بەڕاستی ئەم شێوازەی لێرە هەیە لە هیچ شوێنێکی دیکە نییە."
یەکێک لەو فەقێیانەی کە لە حوجرەکەدا دەخوێنێت بە رووداوی گوت: "لێرە زمانی کورمانجی گرنگی زۆری پێدەدرێت، هەروەها پێشکەوتنی شێوەزاری کورمانجی لێرە هەیە، بەشێک لە فەقێکان لە دەرەوەی کوردستانەوە دێن."
فەقێیانی حوجرەکە پێش ئەوەی کە فێری رێزمانی عەرەبی بکرێن، هەلبەستی "نەوبەهاری بچووکان"ـی ئەحمەدی خانی، هەروەها کتێبی "نەهج ئەلئەنام" کە کوردییە و مەلا خەلیلی سێردی نووسیویەتی و تێیدا باسی باوەڕی و عەقیدەی ئیسلام دەکات، دەخوێنن و لەبەری دەکەن.
رەزا دێسیلاڤی، یەکێکی دیکەیە لە فەقێیانی حوجرەکە و لە دیاربەکرەوە چووەتە کۆنیا، بە رووداوی گوت: "لە 12 ساڵییەوە هاتوومەتە ئەم حوجرەیە، هاتووم رێگەی خوا لێرە فێر ببم، هەر رۆژێک دوو کاژێر و نیو دەخوێنم."
فەقێیانی حوجرەکە لە دوای نوێژی بەیانییەوە تاوەکو دوای نوێژی عەسر خەریکی خوێندن و وەرگرتنی پەروەردەی ئایینین.


.jpg&w=3840&q=75)