رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی ئیستەنبووڵ 43 کرێکاری کوردی لە کارەکانیان دەرکرد بە بیانووی ئەوەی بەشداریی ئەو جۆرە گردبوونەوەیان کردووە کە تایبەتن بە کورد. وەزیری ناوخۆی تورکیا بە 'تیرۆریست' ناوی هێنان و رایگەیاند، "زیاتر لە 500 تیرۆریست لە شارەوانیی ئیستەنبووڵ کار دەکەن."
سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبووڵ، کە سەر بە جەهەپەیە و بە دەنگی ئەندامانی هەدەپە و کورد لە ئیستەنبووڵ لە هەڵبژاردنی ساڵی 2019 سەرکەوت، بەشێکی زۆری کرێکارانی کوردی لەکارەکانیان دەرکرد.
هەرە دواییش، 43 کرێکار لە شارەوانیی ئیستەنبووڵ، چوار کرێکار لە شارەوانیی جەهەپەی ناوچەی ئاتاشەهیر، بە گشتی 47 کرێکاری بە بیانووی بەشداریکردن لە گردبوونەوەی یادکردنەوەی قوربانییانی کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە، رۆبۆسکی و ساڵڕۆژی رووداوی پارکی گەزی دەرکرد.
فارووق گۆرکەن، لە 21ـی حوزەیرانی ئەمساڵ لەلایەن شارەوانیی ئیستەنبووڵەوە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە. دەڵێت دوورخستنەوەکەی بەهۆی بەشداریکردن بووە لە گردبوونەوەی ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە.
فارووق گۆرکەن، دەڵێت، "ساڵی 2010 کاتێک خوێندکاری زانکۆ بووم، بەشداریم لە گردبوونەوەی ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە کرد، ئەوکات کەیسێکم لەسەر کرایەوە، بەڵام کەیسەکە لەساڵی 2017 بە تەواوی داخرا. شارەوانی ئەو دۆزەی وەک بیانوویەک نیشاندا و منی لەکار دوورخستەوە. ئەو کەسانەی کە کورد و چەپگەرن لە کارەکانیان دەردەکرێن."
دوایین کەس کە لەلایەن 'بڕیارنامەکانی سەرۆککۆماریی تورکیا ' KHK ' لە کار دوورخرایەوە فاتیمە گوول بوو، کە لە مانگی تەممووزی ئەمساڵ بەهۆی لێکۆڵینەوەیەکی ئەمنی لەلایەن شارەوانیی ئیستەنبووڵەوە دوورخرایەوە.
فاتیمە گوول دەڵێت: "کاتێک من لە شارەوانیی ئیستەنبووڵ دەستبەکار بووم، دەیانزانی کە من کەسی ئەکادیمیم و لە کاری دەوڵەت دوورخراومەتەوە، بەڵام لە کۆتایی مانگی حوزەیران پێیانگوتم ئاگاداری ئەوە نین کە تۆ لە کار دوورخراویتەوە. بەبیانووی لێپرسینەوەی ئاسایش منیان لەکار دوورخستەوە، بە کردەوەیان هەموومان دڵمان شکا. ئێمە بۆ ئەوەی ئیمامئۆغڵو سەرکەوێت، کاری زۆرمان کرد، ئەو چەندین بەڵێنی بە ئێمە دابوو."
سەلەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا پێشتر شارەوانیی ئیستەنبووڵی تۆمەتبار کردبوو و رایگەیاندبوو، "557 تیرۆریست لە شارەوانی ئیستەنبووڵ کاردەکەن." دوورخستنەوەی ئەو کرێکارانە، دوای گوتەکانی وەزیری ناوخۆی تورکیا بوو.
رێکخراوەکان لەسەر دوورخستنەوەی کرێکارانی شارەوانیی ئیستەنبووڵ، سێ داواکارییان خستووەتەڕوو:
1- ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبووڵ، لەسەر دوورخستنەوەی کرێکارەکان، داوای لێبووردن بکات.
2- گەڕاندنەوەی کرێکارە دوورخراوەکان بۆ سەر کارەکانیان.
3- دوورخستنەوەی کرێکاران رابگیرێت.
ئەو کرێکارانەی کە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، تاوەکو ئێستا چەندینجار لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی ئیستەنبووڵ کۆبوونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی ئەو چاوپێکەوتن و کۆبوونەوانە دەرنەکەوتوون. بەشێکی پارتە سیاسییەکانیش، وەک هەدەپە، سەردانی کرێکارە دوورخراوەکان دەکەن و پشتیوانیی خۆیان بۆ کرێکارەکان دەردەبڕن.


.jpg&w=3840&q=75)