رووداو دیجیتاڵ
رووداو دەچێتە ئەو ماڵەی ئەحلام بەشیری تێدا دەستگیرکرا، ئەحلام ئەو ژنەیە کە بە تەقینەوەکەی ئیستەنبووڵ تۆمەتبارە.
تۆمەتبارەکە لە ماڵی خێزانێکی پەنابەری خەڵکی عەفرین دەستگیرکراوە کە چوار کەسیش لە بنەماڵەیە دەستگیرکراون، خێزانەکە کوردن و خاوەنی ماڵەکە دەڵێت، دراوسێیەکیان ئەحلامی بردووەتە ماڵیان و ئەوان نایناسن.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 13-11-2022 تەقینەوەیەک لە شەقامی ئیستقلال لە ناوچەی تاکسیمی ئیستەنبووڵ روویدا. شەش کەس لە تەقینەوەکەدا دەستگیرکران و 81 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەو تۆمەتبارەی دەستگیرکراوە خەڵکی سووریایە و لە عەفرینەوە چووەتە ئیستەنبووڵ.
ئەمینە حەسۆ، ژنی ئەو ماڵەی کە تۆمەتبارەکەی تێدا دەستگیرکراوە دەڵێت، "ئێمە هەشت ساڵە لێرەین.. دراوسێی پێشوومان خەدیجە و ئەحمەدی کوڕی دوو ساڵ لەمەوبەر هاتنە ئێرە. هەندێک جار پێکەوە دەچووینە دەرەوە.. شەوە 14ی تشرینی دووەم خەدیجە لەگەڵ ئەو کچە [ئەحلام بەشیر] هات گوتی، 'ئەمە میوانی ئێمەیە، سبەی دەچێتە ئەوروپا'، دانیشت و چاییم بۆ دروستکردن. کچەکە چایی خواردەوە و، گوتی، 'من خەڵکی حەلەبم'.. پێم گوت، 'تۆ لە سووری ناچیت'، گوتی، 'من خەڵکی سووریام' ".
ئەمینە حەسۆ دەڵێت، ئەحلام بەشیر گوتوویەتی، "من کەسم نییە، مێردەکەم کۆچی دوایی کردووە، خوشکەکەم لە سووریایە. من دەڕۆم بۆ ئەوروپا."
بە گوتەی ئەمینە حەسۆ و مەحموودی کوڕی، ئەحلام بەشیر لە کاژێر 12ی شەو لەلایەن دراوسێ عەرەبەکەیان کە ناوی خەدیجە بوو، هێنراوەتە ماڵەکەیان. تاوەکو ئەو کاتە بەهۆی نەبوونی تەلەڤزیۆن و ئینتەرنێتەوە ئاگاداری تەقینەوەکە نەبوون.
ئەمینە حەسۆ دەڵێت، "ئەو شەوە هاوژینەکەم [زەکەریا حەسۆ] لە کارەکەی هاتەوە، پرسیاری لە ژنەکە کرد و گوتی: 'کێ تۆی هێنایە ئێرە؟' دوای ئەوە پۆلیس هەڵیان کوتایە سەر ماڵەکە و زۆریان لێداین. ئامۆزاکەم لەگەڵمان بوو، ئەو بۆ کارکردن لێرەیە، ئەویشیان دەستگیرکرد."
مەحموود حەسۆ دەڵێت، لەکاتی هەڵکوتانی پۆلیس بۆ سەر ماڵەکە ئەحلام بەشیر ویستوویەتی خۆی فڕێ بداتە خوارەوە، بەڵام پۆلیس گرتوویانە و بردوویانە.
دراوسێکانی بنەماڵە عەفرینییەکە دەڵێن، هەرگیز لە گەڕەکەکەدا ژنێکیان بە ناوی ئەحلام بەشیر نەبینیوە. دەشڵێن، بنەماڵە عەفرینییەکە دەناسن و تائێستا هیچ زیانێکیان بۆ کەس نەبووە.
گوڵستان سینارە، دراوسێیەکی ماڵە عەفرینییەکەیە و دەڵێت، "من 10 ساڵە لێرەم و هەمیشە منداڵەکانم دەهێنمە ئێرە. هەرگیز ژنێکم بە ناوی ئەحلام بەشیر نەبینیوە. ئێمە دراوسێی سووریایی زۆرمان هەیە. ئەگەر لێرە بووایە رۆژێک دەمانبینی".


.jpg&w=3840&q=75)