رووداو دیجیتاڵ
دایە گولتەن تۆپچو ماوەی 18 رۆژە لە بەردەم وێرانەکانی ماڵەکەی لە گەڕەکی ئارموتلو لە ئەنتاکیا چاوەڕێی هەواڵێکە لەبارەی عەلی کوڕییەوە، بەڵام تائێستا هیچی دەستنەکەوتووە، دەڵێت، ئەگەر دەوڵەت لە رۆژانی یەکەمدا بە هانایانەوە بچووایە، کوڕەکەی بە زیندوویی دەدۆزرایەوە. ئێستا تەنیا ئاواتی ئەوەیە کە تەرمی کوڕەکەی لەژێر داروپەردوودا دەربهێنرێت و گۆڕێکی بۆ دروست بکات.
ئەو دایکە تەمەن 62 ساڵانە رۆژانە کامپی خۆبەخشەکان لە ناوچەی دەفنی هاتای بەجێدەهێڵێت، بە هیوای ئەوەی عەلی کوڕی لەژێر خاشاکی بوومەلەرزەکە بدۆزرێتەوە، رۆژانەش دەچێتەوە سەر پاشماوەی خانووە وێرانبووەکەیان.
شەوی بوومەلەرزەکە کە 6ـی شوبات بوو، کوڕە 25 ساڵانەکەی دایکە گولتەن لە ماڵەوە بە تەنیا بوو، دایکە گولتەنیش لەگەڵ هاوژینەکەی کە نەخۆش بووە، لە ناوچەی سامانداغ بوو، دوای 3 رۆژ ئینجا توانی بگاتە شوێنی کوڕەکەی.
ئەو باسی دوایین پەیوەندیی تەلەفۆنیی خۆی و کوڕەکەی دەکات، دەڵێت: "پێش ئەوەی بوومەلەرزەکە رووبدات، بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ کوڕەکەمدا کرد، وەک ئەوەی چی دیکە یەکدی نەبینینەوە ماڵئاواییمان لە یەکدی کرد." بە دڵێکی پڕ لە ئاهیشەوە دەڵێت، سەردانی هەموو شوێنێکی کردووە، بەڵام دوای 12 رۆژ تیمەکان بڕیاریاندا هەموو خانوو و باڵەخانەکان بڕووخێنن، بۆیە "بێهیوا" بووە.
ئەو دایکە گلەیی لە درەنگ گەیشتنی تیمەکانی فریاکەوتن و تیمی بەهاناوەچوون هەیە، دەڵێت: "ئەگەر ئەوان لە کاتی خۆیدا هاتبووان، ئاوا دەبوو؟ ئێستا کوڕەکەم زیندوو بوو، دەدۆزرایەوە، بەڵام گوێیان پێنەداین و نەهاتن بەدەم گریانی ئێمەوە، هیچ بەهایەک بۆ ژیانی مرۆڤ نییە، ئایا ژیانی مرۆڤ ئەوەندە بێبایەخە؟ با کوڕەکەم ببیننەوە، ئایا من زۆر شتم دەوێت؟ ئەوان تا ئێستا هیچیان بۆ من نەکردووە. با ئێستا کوڕەکەم بۆ ببیننەوە."
لە شاری ئەنتاکیا و لە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی دیکەی تورکیا و باکووری کوردستان، سەدان، رەنگە هەزاران دایک و باوکی دیکەی وەک دایکە گولتەن، لە گەڕەک و شەقام و لەسەر خانووە وێرانەکان، چاوەڕوانی دۆزینەوەی تەرمی ئازیزانیانن.


.jpg&w=3840&q=75)