رووداو دیجیتاڵ
سەندیكای کارمەندانی کەرتی پەروەردە و زانست لە تورکیا (ئەیتیم سەن) راپۆرتێکی نوێی لەسەر دۆخی پەروەردە بڵاوکردەوە. راپۆرتەکە دەری دەخات کە هەژارییەکی زۆر بەرۆکی قوتابییانی گرتووە و لە 90%ی ئەو قوتابخانانەی زۆرینەیان کورد و عەرەبن، خوێندن بە زمانی دایک فەراهەم نەکراوە.
عەدنان گوموش، مامۆستا لە زانکۆی چوکورئۆڤا و یەکێک لە ئامادەکارانی راپۆرتەکە بە ناونیشانی "چۆن پەروەردەیەک"، ئەنجامی توێژینەوەیەکی خستەڕوو کە تێیدا بۆچوونی 18 هەزار و 316 قوتابی وەرگیراوە. راپۆرتەکە شیکاریی بۆ نایەکسانییەکان، کاریگەریی هەژاری و ژێرخانی قوتابخانەکان کردووە.
هەژاری؛ 40%ی قوتابییان پارەی خواردنیان پێ نییە
ئەنجامەکانی راپۆرتەکە لەبارەی دۆخی بژێویی قوتابییانەوە "ترسناکە"؛ ئاماژە بەوە دراوە کە 90%ی خێزانی قوتابییان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. ئەوەی زیاتر جێگەی سەرنجە، 40%ی منداڵان هیچ پارەیەکی رۆژانەیان (پۆکێت مۆنی) پێنادرێت، ئەمەش وایکردووە لە کاتی دەوامدا نەتوانن هیچ خواردن و خواردنەوەیەک بکڕن.
زمانی دایک و کێشەی فێربوون
بەشێکی سەرەکیی راپۆرتەکە تەرخانکراوە بۆ پرسی زمانی دایک. بەپێی داتاکان لە 90.5%ی ئەو قوتابخانانەی زۆرینەی قوتابییەکانیان کورد، عەرەب یان تورکمانن، بژاردەی خوێندن بە زمانی دایک نییە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی 77.8%ی ئەو قوتابییانە رووبەڕووی کێشەی جددیی فێربوون ببنەوە.
عەدنان گوموش لەمبارەیەوە دەڵێت: "ئەگەر ئامانجمان پەرەپێدانی تواناکانی تاک بێت، دەبێت رێز لە زمانی دایک بگرین، چونکە ئەو زمانە بەشێکە لە بوونی منداڵەکە. دەبێت واز لە قەدەخەکردنی زمانە جیاوازەکان بهێندرێت."
ئاینی و بیانی؛ بژاردەکان سنووردارن
راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە سیستمی پەروەردە زیاتر بەرەو ئاراستەیەکی دیاریکراو دەبرێت، بە جۆرێک لە 83.3%ی قوتابخانەکاندا، بژاردەی زمانی بیانیی دووەم نییە. لە بەرامبەردا، لە 26.1%ی قوتابخانەکاندا چالاکیی ئایینی لە دەرەوەی وانەکاندا هەیە، کە ئەم رێژەیە لە قوتابخانە ئایینییەکاندا (ئیمام خەتیب) دەگاتە 100%.
ژێرخان و کارکردنی منداڵان
سەبارەت بە ژێرخانی قوتابخانەکان، راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە 69.2%ی ئەو قوتابخانانەی بەسەرکراونەتەوە، بەرزکەرەوەیان (ئەسانسۆر) نییە، ئەمەش کێشەی بۆ قوتابییانی خاوەن پێداویستی تایبەت دروست کردووە.
هەروەها باس لەوە کراوە کە بەهۆی هەژارییەوە، رووکردنە سەنتەرەکانی راهێنانی پیشەیی زیادی کردووە. نیوەی ئەو منداڵانەی لەو سەنتەرانەن، هەفتانە 5 بۆ 6 رۆژ کار دەکەن و 66%یان کاری زیادەیان پێدەکرێت، کە ئەوەش وەک "بەکاربردنی هێزی منداڵ" لە قەڵەم دراوە.
پەروەردە یان کۆکردنەوەی سەرمایە؟
عەدنان گوموش رەخنەی تووند لە سیستمی پەروەردەی ئێستای تورکیا دەگرێت و دەڵێت: "پەروەردە بووەتە ئامرازێک بۆ خزمەتی سیستمی سەرمایەداری یان مەزهەبێکی دیاریکراو. ئێمە پەروەردە ناکەین، تەنیا فێردەکەین."
ئەو مامۆستایەی زانکۆ داوا لە سەرۆکایەتیی کۆمار و وەزارەتی پەروەردە دەکات، واز لە سەپاندنی بەرنامەی "نابەجێ" بهێنن و بگەڕێنەوە بۆ ئامانجە سەرەکییەکانی پەروەردە کە خزمەتکردنی تاک و کۆمەڵگەیە بەبێ جیاوازی.
