رووداو دیجیتاڵ
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پلانی هەیە بەشداری لە لووتکەی ناتۆدا بکات کە بڕیارە لە مانگی تەممووز لە شاری ئەنقەرە بەڕێوەبچێت.
فیدان ئاماژەی بەوە کرد، ترەمپ لە چەند پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئامادەیی خۆی بۆ ئەو بەشدارییە دووپاتکردووەتەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە سەردانەکەیدا بۆ سەنگاپوور، باسی لە پابەندبوونی ئەمریکا بە هاوپەیمانیی ناتۆ کرد و رایگەیاند، سەرەڕای لێدوانە سیاسییەکان، هیچ نیشانەیەک نییە بیسەلمێنێت واشنتن دەیەوێ لە ناتۆ بکشێتەوە.
هاکان فیدان گوتی، ئەمریکا گوشار دەکات بۆ ئەوەی وڵاتانی ئەورووپا بودجەی بەرگریی خۆیان زیاد بکەن و ئەورووپییەکانیش پەیامەکەیان وەرگرتووە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی پێشهاتەکانی ناوچەکەش قسەی کرد و تیشکی خستە سەر گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و پشتیوانیی ئەنقەرەی بۆ ئەو پرۆسەیە دەربڕی.
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، واشنتن و تاران هەوڵێکی راستگۆیانە دەدەن بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست و کردنەوەی تەنگەی هورمز، بەڵام هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر سەرکەوتنی ئەم هەوڵانە و گوتی:"من دڵنیام کە ئەمریکییەکان و ئێرانییەکان راستگۆن. ئەوان ئاگربرست و کردنەوەی تەنگەی هورمزیان دەوێ، بەڵام لە مەبەستی ئیسرائیل دڵنیا نیم."
لووتکەی ناتۆ لە 7 و 8ی تەممووزی 2026 لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێوەدەچێ. ئەمە دووەم لووتکەی ناتۆیە لە تورکیا بەڕێوەبچێت. یەکەم لووتکەی ناتۆ لە تورکیا لە 28-29ی حوزەیرانی 2004 لە شاری ئیستەنبووڵ بەرێوەچوو.



