رووداو دیجیتاڵ
شۆفێرێکی تەکسی لە ئیستەنبووڵ، بەهۆی ئەوەی پارەی زۆری لە یووتیوبەرێکی ئەمریکی وەرگرتبوو، دەستگیرکرا، دەست بەسەر ئۆتۆمبیلەکەیدا گیرا و مۆڵەتی شۆفێری بۆ تا هەتایە لێ وەرگیرایەوە.
رووداوەکە کاژێر یەکی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 2-6-2026، لە ئیستەنبووڵ روویدا. دوای کۆنسێرتەکەی تراڤیس سکۆت، هونەرمەندی ناوداری جیهان، یووتیوبەرێکی ئەمریکی بەناوی ئاندرو جێراڵد رێنکۆرت لە شوێنەکە دەرچوو و دەستی لە تاکسییەک راگرت و سەرکەوت.
رێگەی ئاندرو جێراڵد لە ناوچەی کاراکۆی بۆ ئەو هۆتێلەی لێی دەمایەوە تەنیا پێنج خولەک بوو و گرێی گواستنەوەش 300 لیرە (6.5 دۆلار)ە، کەچی شۆفێری تەکسیەکە حەوت هەزار و 300 لیرە (160 دۆلار)ی لێ وەرگرتبوو.
خەیرەدین ئارگوچ شۆفێری تەکسییەکەیە و بەو یووتیوبەرە ئەمریکییەی گوتووە، کرێی گواستنەوەکە حەوت هەزار و 300 لیرەیە و لێی وەرگرتووە.
ئەو یووتیوبەرە لەوکاتەدا لەڕێی مۆبایلەکەیەوە پەخشی راستەوخۆی کراوە بووە. بەهۆی کاردانەوە و گوتەی فانەکانی، گومانی لە دۆخەکە کردووە و دواتر ڤیدیۆکەی بەتەواوی لە هەژمارەکانی خۆی بڵاوکردەوە.
دوای ئەوەی دیمەنەکان لە سۆشیاڵ میدیا دەنگدانەوەی زۆریان دروستکرد، داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ لێکۆڵینەوەی لەگەڵ شۆفێرەکە دەستپێکرد. شۆفێرەکە دەستگیرکرا و دوای وەرگرتنی گوتە، بەتۆمەتی فێڵکردن درایە دادگە.
لە بنکەی پۆلیس دانی پێدا نا، کەچی لە دادگە نکۆڵی کرد
بەگوێرەی راپۆرتی پۆلیس، شۆفێرەکە کاتێک لە بنکەی پۆلیس رێکاری لەبەرامبەردا گیراوەتە بەر و گوتوویەتی:"گوتم گەشتیارە و پێم وانەبوو هەست بە شتێکی وەها بکات. بۆیە پارەی زیاترم لێ وەرگرت".
ئەو گوتانەی خەیرەدین ئارگوچ لەلایەن پۆلیسەوە کرانە راپۆرت، بەڵام ئەو شۆفێری تەکسییە لەبەردەم داواکاری گشتی نکۆڵی لە گوتەکانی خۆی کرد.
شۆفێری تەکسییەکە گوتوویەتی: "100 دۆلارم پێدا، بۆیە لە کارتەکەی حەوت هەزار و 300 لیرەم بڕی. ئەو دیمەنەی کە پارەی پێ دەدەم لە ڤیدیۆکەدا بڕدراوە و من فێڵم نەکردووە. جگە لەوەش رێگەکە زۆر قەرەباڵخ بوو. بۆیە نرخەکەم بەرزتر کردەوە".
داواکاری گشتی: کرێ تەنیا 300 لیرە بووە
داواکاری گشتی لە نووسراوی رەوانەکردنی تۆمەتبار بۆ دادگەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە گوتەکانی شۆفێرەکە بۆ رزگاربوونە لە سزا، چونکە ئەو رێگەیەی بڕیویەتی تەنیا پێنج کیلۆمەتر بووە و ئەوپەڕی کرێکەی 300 لیرە دەکات.
داواکاری گشتی جەختی کردەوە کە شۆفێرەکە بە شێوەیەکی نایاسایی پارەی لە گەشتیارەکە وەرگرتووە و ئەو پاساوەیشی کە گوایە بەهۆی قەرەباڵخیی هاتووچۆ داوای پارەی زۆری کردووە، جێگەی قبووڵکردن نییە، چونکە کرێی قەرەباڵخی ناخرێتە ئەستۆی سەرنشین".
شۆفێری تاکسییەکە زیندانی کرا
بە بڕیاری دادگە، مۆڵەتی کارکردنی شۆفێرەکە هەڵوەشێندرایەوە و ئۆتۆمبێلەکەیشی لە هاتووچۆ قەدەخە کرا.
خەیرەدین ئارگوچ بە تۆمەتی فێڵکردن و قۆڵبڕین، لەلایەن دادگەوە رەوانەی زیندان کرا.
میدیای تورکیا هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و ئەو شۆفێری تاکسییە رووبەڕووی سەرکۆنەیەکی زۆر بووەتەوە.
بەشێک لە میدیا و خەڵک جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەگەر ئەو سەرنشینە یووتیوبەر نەبووایە و لە پەخشی راستەوخۆ نەبووایە، ئەو فێڵ و ساختەکارییەی شۆفێری تاکسییەکە تێدەپەڕی و کەسیش نەیدەزانی. هاوکات دەڵێن، ئاخۆ رۆژانە لەو ئیستەنبووڵە گەورە و فراوانەدا چەندین گەشتیار هاوشێوەی ئەو یووتیوبەرە قۆڵی دەبڕدرێ!




