رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئیی پارتی دەڵێت، ئەوان دەیانەوێت تورکیایەک ببینن کە تێیدا سندووقەکانی دەنگدان بڕیار لەسەر سیاسەت بدەن نەک دادگاکان. راشیگەیاند، وڵاتەکەیان پێویستی بە متمانەی گەلە بە سیاسەت، نەک دروستکردنی کێشە و گفتوگۆی نوێ.
موساڤات دەرویشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، ئەوان لە یەکەم رۆژەوە چاودێری پەرەسەندنەکانی ناو پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)یان کردووە و پێیان وایە ئەوەی روودەدات تەنیا بابەتێکی ناوخۆیی ئەو پارتە نییە، بەڵکو هەنگاوێکە بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی تورکیا.
سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی بڕیاری دادگا، بە زۆر چوونە ناو بارەگای جەهەپە و دانانی قەیوم بۆ سەر پارتەکە، وەک "بڕیارێکی نادادپەروەرانە" وەسفکرد و مێژووی دەستێوەردانەکانی دادگای لە ساڵانی 1960، 1971 و 1980 بە بیرهێنایەوە، کە هەمیشە برینی قووڵیان لە دەروونی کۆمەڵگەدا دروستکردووە.
دەرویشئۆغڵو رەخنەی لە سیاسەتەکانی دەسەڵات گرت و رایگەیاند: "حکومەت لە رێگەی بەکارهێنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت و دادگاکانەوە دەیەوێت ستراتیژیەتی (سەرەتا دابەشکردن، دواتر لەناوبردن) جێبەجێ بکات".
سەرۆکی ئیی پارتی جارێکی دیکە دژایەتی خۆی بۆ پرۆسەی چارەسەری دەربڕی کە تێیدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک لایەنێک لە گفتوگۆی ئاشتی سەیر دەکرێت و رایگەیاند کە %90ی گەل دژی ئەم پرۆسەیەن.



