رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی داوا لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەکات بە دەستپێشخەرییەکی دیموکراسی کۆتایی بەو قەیرانە یاسایی و سیاسییە بهێنێت کە تێیکەوتووە. دەشڵێت، تێپەڕاندنی کێشەکانی نێو جەهەپە تەنیا پەیوەندی بەو پارتەوە نییە، بەڵکو هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ هەموو سیاسەتی تورکیا.
سزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی تورکیا، تیشکی خستە سەر بڕیارەکەی دادگا سەبارەت بە (پوچەڵکردنەوەی رەها) لە ناو جەهەپە و گوت: "دەبێت بە هەر شێوەیەک بێت چارەسەرێکی دیموکراسی بەرهەم بهێنن، چونکە ئەم بابەتە کاریگەریی لەسەر هاوسەنگییەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەیە."
تەمەللی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رەخنەی توندی لە یاسا پێشنیازکراوەکانی حکومەت گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە چاوەڕوانییەکان بۆ چاکسازی لە سیستەمی سزادان و مافی هیوا و دۆخی زیندانیانی نەخۆش بوون، بەڵام بەگوتەی ئەو: "حکومەت چاوی بڕیوەتە مافی نەفەقەی ژنان و سزادانی زیاتری منداڵان."
هەروەها رەخنەی لە یاساکانی کەرتی کشتوکاڵ و دارستان گرت و رایگەیاند، ئەو یاسایانە لەبری پاراستنی سروشت، رێگە بۆ چالاکییە کانگاییەکان و تێکدانی ژینگە خۆش دەکەن.
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی جەختی لە پێویستیی دەرکردنی "یاسای تایبەت" کردەوە بۆ چاکسازی لە یاسای سزادانی تورکیا و یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. تەمەللی گوتی: "پێویستە ئەم بابەتە بە زووترین کات بێتە ناو کارنامەی پەرلەمان، چونکە بەبێ گۆڕانکاریی ریشەیی لەم یاسایانەدا، دیموکراسی جێگیر نابێت."
پارتی گەلی کۆماری (CHP) گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، رووبەڕووی گەورەترین لێکترازان و قەیرانی یاسایی بووەتەوە لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا. دوای بڕیارێکی دادگەی پێداچوونەوە، کۆنگرەی ساڵی 2023ی ئەو پارتە بە "پووچەڵ" هەژمار کرا، ئۆزگۆر ئوزەل، لە سەرۆکایەتی پارتەکە لادرا و کەمال کڵچدارئۆغڵو وەک سەرۆکی گشتی گەڕایەوە سەر کورسییەکەی.
![لۆگۆی دەم پارتی [لای راست] و جەهەپە.](/_next/image?url=https%3A%2F%2Fimages.rudaw.net%2Fimages%2Fasset%2Fnews%2F20260604171208_776707Image1.jpg&w=3840&q=75)


