رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەڵێ، لە دەریای رەش و لە رۆژئاوای نیمچەدوورگەی کریمیا، هێرش کراوەتە سەر کەشتییەکی ماسیگرتنی تورکیا و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، لە نزیک سنوورە ئاوییەکانی شارۆچکەی سیڤاستاپۆڵ (سەر بە کریمیا) هێرش کراوەتە سەر کەشتییەکی ماسیگرتن بە ناوی "DURU 67" کە ئاڵای تورکیای لەسەر بووە.
کەشتییەکە لە ئەنجامی هێرشەکە نووقم بووە. کەشتییەکی دیکەی ماسیگرتن بە ناوی (بوراک کایا) کە لە نزیک شوێنی رووداوەکە بووە، پێنج هاووڵاتی ماسیگری برینداری لە کەشتییە نوقمبووەکە رزگارکردووە و بەرەو ئینەبۆڵو (بەندەرێکی پارێزگای کاستامۆنوی تورکیایە لە هەرێمی دەریای رەش) بەڕێکەوتووە، بەڵام لە رێگەدا یەکێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێ: "هاوئاهەنگی بۆ گەیاندنی هاوکاریی پزیشکیی بەپەلە بە بریندارەکان و گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە کرا."
کەشتییەکی پاسەوانی کەناراوەکان (TCSG-96) لە بەندەری ئینەبۆڵوەوە لەگەڵ تیمێکی پزیشکیی پسپۆڕ کە لە 19 کەس پێکهاتبوو (چوار پزیشک، 15 کارمەندی تەندروستی و پەرستار) بەڕێکەوت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کەشتییەکەی پاسەوانی کەناراوەکان کاژێر 07:20 خولەکی ئێوارە، لە دووریی 115 میلی دەریایی لە بەندەری ئینەبۆڵو، گەیشتە لای کەشتی ماسیگرتنی بوراک کایا. تەرمی هاووڵاتییە مردووەکە و بریندارەکان گوێزرانەوە بۆ کەشتییەکەی پاسەوانی کەناراوەکان و چارەسەریی پزیشکییان بۆ کرا، پاشان بەرەو بەندەری ئینەبۆڵو گەڕانەوە."



.jpg&w=3840&q=75)