Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکان
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

تورکیا

بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە ژنی کورد" سکاڵا لەسەر بازرگانێکی تورکیا تۆمارکرا

0:00
0:00
قەبارەی دەق
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان06-06-2026

بابەتی پەیوەندیدار

سەیران لە دارستانەکانی ئیستەنبووڵ قەدەخەکرا
تورکیا06-06-2026

سەیران لە دارستانەکانی ئیستەنبووڵ قەدەخەکرا

ئەردۆغان پێشوازیی لە پارێزگاری کەرکووک کرد
تورکیا06-06-2026

ئەردۆغان پێشوازیی لە پارێزگاری کەرکووک کرد

گێڕانەوەی نوکتەیەک لەسەر ژنی کورد، بازرگانێکی تورکیای رووبەڕووی دادگا کردەوە
تورکیا06-06-2026

گێڕانەوەی نوکتەیەک لەسەر ژنی کورد، بازرگانێکی تورکیای رووبەڕووی دادگا کردەوە

رووداو دیجیتاڵ

دەم پارتی و 16 سەندیکای پارێزەران لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان و ئامەدسپۆر، سکاڵای یاساییان لە دژی بازرگان (رەحمی کۆچ) تۆمار کرد و هۆکارەکەشی گێڕانەوەی نوکتەیەکی ئابڕووبەرانەیە لەسەر ژنی کورد. سەرکۆنەکردن و سکاڵاکان بەردەوامن.

ئەو نوکتەی بازرگانی ناسراوی تورکیا، رەحمی کۆچ، رۆژی هەینی، 5-6-2026، لە کاتی کردنەوەی نەخۆشخانەیەک لە ئیزمیر گێڕایەوە، مشتومڕ و کاردانەوەی زۆری لە نێو رای گشتیدا دروستکردووە. دەم پارتی رایگەیاند، کۆچ بەو قسانەی ژنانی کوردی کردووەتە ئامانج و سکاڵای یاسایی لە دژی تۆمار کرد.

خالیدە تورکئۆغڵو، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی دەم پارتی، بە تۆمەتەکانی (هاندانی خەڵک بۆ کینە و دووژمنایەتی، سووکایەتیکردن و جیاکاری) سکاڵای پێشکێشی داواکاری گشتی لە ئیزمیر کرد.

دەم پارتی رایگەیاند، ئەو چیرۆکەی کۆچ گێڕاویەتیەوە، نیشاندەری دیدێکی رەگەزپەرستانە و جیاکارییە بەرامبەر بە ژنانی کورد.

 

لە دەقی ئەو سکاڵانامەیەی پێشکێشی داواکاری گشتیی ئیزمیر کراوە، هاتووە: "گێڕانەوەی چیرۆکێک لەسەر بنەمای تێنەگەیشتنی ژنێکی کورد لە پزیشکەکەی لە ژووری پشکنین و نیشاندانی وەک (تەنز)، گۆڕینی ستەمدیدەیی پێکهاتەیەکە بۆ گاڵتەجاڕی. بەکارهێنانی ئەو راستییە تاڵەی ژنانی کورد کە ناتوانن بە زمانی دایکیان دەستیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بگات و لە ژووری منداڵبووندا ناتوانن گرفتەکانی خۆیان بگەیێنن، وەک گاڵتە، هێرشێکی گشتگیرە بۆ سەر کەرامەتی مرۆڤ، مافی تەندروستی و مافی ژنانی کورد."

هەروەها 16 سەندیکای پارێزەرانی باکووری کوردستان سکاڵایان لە دژی (رەحمی کۆچ) تۆمارکردووە.

سەندیکای پارێزەرانی سەمسوور، ئاگری، ئێلهـ ، چەولیک، بەدلیس، دێرسم، ئامەد، جۆلەمێرگ، ئیدر، قەرس، مێردین، مووش، سێرت، رووها، شرناخ و وان راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "ئەو گوتەیەی بەناوی نوکتە لەلایەن کەسێک بە ناوی رەحمی کۆچەوە گێڕدراوەتەوە و دەستەواژەی سووکایەتیپێکردن، رەگەزپەرستی و شکاندنی کەرامەتی ژنی کوردی تێدایە، هەروەها پێکەنینی ئەو کەسانەی لەوێدا بوون، لەوانەش بینالی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا، جێی داخە."

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە: "لە کاتێکدا باسی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، یەکسانیی هاووڵاتیبوون و یاسای برایەتی دەکرێت، بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە گوتانە بەرامبەر بە کورد و ژنانی کورد بەو ئاسانیە، خزمەت بە ساڕێژکردنی برینەکانی رابردوو ناکات، بەڵکو قووڵتریان دەکاتەوە."

"هەڵسوکەوتی بینالی یڵدرم کە خۆی کوردە، نابەرپرسیارانەیە"

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هەڵسوکەوتەکانی بینالی یڵدرم کە خۆی کوردە، نابەرپرسانەیە. ئەو بەهۆی ئەزموونی دەوڵەتداری و پێگەکەیەوە دەبوو دەستبەجێ کاردانەوەی هەبێت و دژی سووکایەتییەکە بوەستێتەوە، بەڵام بە پێکەنینەکەی پشتگیریی لێ کرد. ئێمە وەک سەندیکاکانی پارێزەرانی ناوچەکە، هەر جۆرە زمانێکی جیاکاری کە ئاراستەی ژنان، گەلان و کەرامەتی مرۆڤ دەکرێت، رەت دەکەینەوە؛ بە تووندی سەرکۆنەی ئەم هەڵوێستە و ئەو ڕەفتارەی هاوکاری بوو دەکەین و بە ڕێزەوە بە رای گشتی ڕادەگەیەنین کە لە دژی ئەو کەسانە سکاڵای یاساییمان تۆمار کردووە."

ئەو سەندیکایانەی سکاڵایان تۆمار کردووە:

1- سەندیکای پارێزەرانی سەمەسوور 
2- سەندیکای پارێزەرانی ئاگری
3- سەندیکای پارێزەرانی ئێلهـ
4- سەندیکای پارێزەرانی چەولیک 
5- سەندیکای پارێزەرانی بەدلیس
6- سەندیکای پارێزەرانی دێرسم
7- سەندیکای پارێزەرانی ئامەد
8- سەندیکای پارێزەرانی جۆلەمێرگ
9- سەندیکای پارێزەرانی ئیدر
10- سەندیکای پارێزەرانی قەرس
11- سەندیکای پارێزەرانی مێردین
12- سەندیکای پارێزەرانی مووش
13- سەندیکای پارێزەرانی سێرت
14- سەندیکای پارێزەرانی رووحا
15- سەندیکای پارێزەرانی شرنەخ
16- سەندیکای پارێزەرانی وان

هەڵوێستی کۆمەڵەی یاساناسانی ئامەدسپۆر

کۆمەڵەی یاساناسانی ئامەدسپۆر لەسەر هەمان بابەت راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو دەستەواژانە جیاکاری و سووکایەتین و بە ئامانجگرتنی ژنانی کورد و گەلی کورد قبووڵنەکراوە.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە کاتێکدا دەبوو لە کاتی کردنەوەی دامەزراوەیەکی تەندروستیدا باسی کەرامەتی مرۆڤ، یەکسانی و ڕێزی کۆمەڵایەتی بکرێت، بەڵام گێڕانەوەی نوکتەیەک کە سووکایەتی بە ژنانی کورد دەکات، قبووڵنەکراوە."

"ناچێتە چوارچێوەی رادەربڕین"

کۆمەڵەکە رایگەیاند ئەو گوتانەی نەتەوەیەک دەکەنە ئامانج، ناچنە چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕین و ئاماژەی بە ماددەی 216ی یاسای سزای تورکیا کرد. 
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو دەستەواژانەی بە ئاشکرا سووکایەتی بە بەشێکی گەل دەکەن، دەکرێت ببنە بابەتی سزای یاسایی.

"سکاڵای یاساییمان تۆمار کرد"

کۆمەڵەی یاساناسانی ئامەدسپۆر رایگەیاند، سەبارەت بەو رووداوە لە داواکاری گشتیی ئیزمیر سکاڵایان تۆمار کردووە و جەختیان کردەوە کە لە هەوڵی یاسایی دژی گوتاری رق و جیاکاری بەردەوام دەبن.

بێشتاش: بانگەوازی بایکۆتکردنی بەرهەمەکانی کۆچ هەیە

مەرال دانش بێشتاش، پەرلەمانتاری دەم پارتی لەمبارەیەوە قسەی بۆ مایکی رووداو کرد و رایگەیاند کە ئەوە لە ژێر ناوی نوکتە بڵاوکرایەوە، بەڵام لەوێدا گەلی کورد و ژنی کورد کرانە ئامانج. هەروەها گوتی:"ئەم هەڵوێستە نەژادپەرستانە و رەگەزپەرستانەیە بە تووندترین شێوە سەرکۆنە دەکەم و بە نەفرەتی دەکەم. ئەو زمانەی بەرامبەر ژنی کورد بەکارهاتووە، زۆر رسوایە و رووی گفتوگۆ و روونکردنەوەشی نییە".

لەوکاتەی رەحمی کۆچ نوکتەکە دەگێڕێتەوە، بینالی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا  و چەند کەسێکی دیکەش پێدەکەنن. بێشتاش لەمبارەیەوە گوتی:"جا کاتێک (رەحمی کۆچ) ئەو قسانەی کرد، کەسێک کە پێشتر سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە بووە، پێکەنی. ئەمە کاردانەوەی کۆمەڵگەی لێکەوتەوە. چی زووە دەبێ داوای لێبورد بکات، جا ئەو داوای لێبوردنەش وەها ئاسان نییە کە بابەتەکە تێپەڕێنێت، ئەمە رەهەندی یاساییشی هەیە. ئێستا بانگەوازێکی فراوان بۆ بایکۆتکردنی کۆمپانیاکانی کۆچ هەیە. گرووپی کۆمپانیاکانی کۆچ کۆمپانیا، کار، کارگە و بەرهەمی زۆریان لە تورکیا هەیە. من ئەو بانگەوازی بایکۆتە بەهەق نازانم و پێموایە لەجێیە".

پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی هەروەها رایگەیاند کە هەموو کوردێک دەتوانێ سکاڵا لە دژی رەحمی کۆچ تۆمار بکات؛ بەتایبەتیش ژنان. هەروەها گوتی:"ئەو زمانەی بەکاریهێناوە، ملیۆنان کوردی کردووەتە ئامانج. جا داواکارانی گشتی، بێ ئەوەی چاوەڕێی تۆمارکردنی سکاڵا بکەن، راستەوخۆ دوای بینینی ئەم گوتانە، پێویستە یەکسەر هەنگاو بنێن. من بانگەواز لە داواکارانی گشتی دەکەم، بکەونە خۆ".

بەرپرسانی باڵای تورکیاش رەخنەیان لە رەحمی کۆچ گرت

جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا لە رێگەی پەیامێکەوە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) سەرکۆنەی رەحمی کۆچی کرد و رایگەیاند: "شکۆی مرۆڤ و هاوڵاتیبوونی یەکسان بنەمای سەرەکین. هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە دەستەواژەیەک بەکاربهێنێت کە ببێتەهۆی بریندارکردن یان دروستکردنی وێنەیەکی کۆمەڵایەتیی نەرێنی لەسەر بنەمای رەگەز، ناسنامەی نەتەوەیی و پێگەی کۆمەڵایەتی."

هەروەها ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، تەرازووی دادپەروەری بەپێی سەروەت و ناسناو ناپێورێ؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ناکرێ سووکایەتیکردن بە شکۆی ژن لەژێر ناوی نوکتە و تەنزدا بشاردرێتەوە. 

عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتیش گوتاری رق و کینەی دژی هاووڵاتیانی کورد بە چەپەڵ و پێچەوانەی بەهاکان ناوبرد.

هەروەها پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی لە پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) لە پەیامێکدا بۆ ئەو بازرگانە رایگەیاند: "ئایا هیچ شەرم لای ئێوە نەماوە؟ ئەمە بە تەواوی ریسواییە."

هوداپار سەرکۆنەی گوتەکانی رەحمی کۆچ دەکات

پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) کاردانەوەی تووندی بەرامبەر ئەو نوکتەیە نیشاندا کە بازرگانی تورکیا؛ رەحمی کۆچ لەسەر ژنێکی کورد گێڕایەوە.

شازادە دەمیر، پەرلەمانتاری هوداپار لە بازنەی دیلۆکی باکووری کوردستان، عەبدوڵڵا ئەسلان، یاریدەدەری سەرۆکی هوداپار، کاردانەوەیان بەرامبەر رەحمی کۆچ نیشان دا کە لەکاتی کردنەوەی نەخۆشخانەیەک لە شاری ئیزمیر نوکتەیەکی لەبارەی ژنی کورد گێڕایەوە. 

ئەو نوکتەیەی رەحمی کۆچ بە بابەتێکی بێشەرمانە و دوور لە رەوشت لە قەڵەم دەدرێت و تا دێ کاردانەوەکان زیاتر دەبن.

لە راگەیێندراوێکدا کە لەلایەن سەرۆکایەتیی کاروباری خێزانیی هوداپارەوە بڵاوکراوەتەوە، بە پێویست زانراوە رێز لە بەهاکانی کۆمەڵگە و کەرامەتی مرۆڤ بگیرێت و تێیدا هاتووە:"رەحمی کۆچ کە لە گوتارەکەیدا لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی نەخۆشخانەی ئەمریکی لە ئیزمیر، کەرامەت و شکۆی ژنانی کوردی کردووەتە ئامانج، دەبێت دەستبەجێ داوای لێبووردن لە ژنانی کورد بکات. جەستەی ژنانی رەسەنی کورد، نابێتە کەرەستەی نوکتەی بێڕەوشتانەی هیچ کەسێک. لەم وڵاتەدا پێویستە هەموو کەسێک بە جۆرێک بدوێت کە رێز لە بەهاکانی کۆمەڵگە و کەرامەتی مرۆڤەکان بگرێت."

شازادە دەمیر، پەرلەمانتاری هوداپار، کاردانەوەی تووندی بەرامبەر ئەو رووداوە و پێکەنینی ئامادەبووانی نێو هۆڵەکە پێشان دا و گوتی:"بە بڕوای من ئەو ژنەی ئەمەی گوتووە بە دڵنیاییەوە ژنی کورد نییە. بڕوا ناکەم هیچ ژنێکیش شتی وا بڵێت. ئەم ناوبردن و چواندنە سووکایەتییەکی ناشرین و قێزەونە. رەحمی کۆچ کە ئەمەی گوتووە و  ئەوانەش کە لەوێ پێی پێکەنین، دەبێت دەستبەجێ داوای لێبووردن بکەن. وەک مرۆڤێک و بەبێ گوێدانە هیچ نەتەوەیەک، بە تووندی سەرکۆنەی ئەمە دەکەم. نابێت رێزگرتن لە ژن تا ئەم ئاستە دابەزێت."

رەحمی کۆچ داوای لێبوردنی کرد

لەدوای دروستبوونی شەپۆلێکی نا|ڕەزایی، بەتایبەتی لە باکووری کوردستانەوە، رەحمی کۆچ داوای لێبوردنی کرد و رایگەیاند کە بە هیچ جۆرێک مەرامێکی چەپەڵی لە گێڕانەوەی ئەو نوکتەیەدا نەبووە و گوتی:"لە ناخی دڵمەوە داوای لێبوردن دەکەم".

 


چی روویدابوو؟

رۆژی هەینی، 5-6-2026، بە ئامادەبوونی رەحمی کۆچ و ژمارەیەک لە بەرپرس و بازرگانان، نەخۆشخانەی ئەمریکی لە ئیزمیر کرایەوە. کۆچ لەکاتی گەڕان بە ناو نەخۆشخانەکە کە بینالی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیاشی لەگەڵ دا بوو، نوکتەیەکی گێڕایەوە و گوتی:"ژنێکی کورد باسی نەخۆشییەکەی خۆی بۆ دکتۆرێک دەکرد و هەوڵی دەدا تێی بگەیەنێت. دکتۆرەکەش گوتوویەتی:"دەی کەوایە جلەکانت داکەنە هەتا پشکنین بکەم"، گوایە ژنەکە گوتوویەتی:"نا دکتۆر. سەرەتا تۆ دایکەنە!".

لەوکاتەدا بینالی یڵدرم و ئەوانەش کە لەوێدا ئامادەبوون، پێکەنین. ئەمە کاردانەوەی زۆری بەدوادا هاتووە، تەنانەت بەرپرسانی حکومەتی تورکیا؛ یاریدەدەری سەرۆککۆمار و وەزیری دادی تورکیاش ناڕەزاییان دەربڕیوە.

ئەگەرچی رەحمی کۆچ داوای لێبوردنی کرد و رایگەیاند کە بە هیچ جۆرێک مەرامێکی چەپەڵی لە گێڕانەوەی ئەو نوکتەیەدا نەبووە و گوتی:"لە ناخی دڵمەوە داوای لێبوردن دەکەم"، بەڵام بەشێک لە کوردان دەڵێن، دەبێ ئەو داوای لێبوردنە بە فەرمی بێت و دواتریش لە بەرامبەر یاسا ئەستۆپاکیی خۆی لەمبارەیەوە بەدەستبهێنێت.

گرووپی کۆمپانیاکانی کۆچ

گرووپی کۆمپانیاکانی کۆچ، ساڵی 1963 لەلایەن وەهبی کۆچ دامەزراوە. یەکەمین هۆڵدینگ و یەکێک لە گەورەترین دامەزراوە تایبەتەکانی تورکیایە. ناوەندی سەرەکیی کۆچ لە ناوچەی ئوسکوداری ئیستەنبووڵە.

مێژووی کۆچ هۆڵدینگ بۆ ساڵانی بیستی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک وەهبی کۆچی دامەزرێنەری، لە ئەنقەرە دەستی بە بازرگانی کرد. کۆچ بە تێپەڕینی کات بوارەکانی کارکردنی فراوانتر کرد و لە پەنجاکانی سەدەی رابردوودا چەندین کۆمپانیای پیشەسازیی دامەزراند؛ دوای کەرتی خۆراک، رووی لە کەرتی ئامێرە کارەباییەکانی نێوماڵ و پیشەسازیی ئۆتۆمبێل کرد.

ساڵی 1963 کاتێک ژمارەی کۆمپانیاکانی ئەو گرووپە گەیشتە 25 ، بە رێکخستنەوەیەکی نوێ پێگەی گرووپی کۆمپانیاکانی بە فەرمی وەرگرت.
وەهبی کۆچ لە ساڵی 1984دا سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی کارگێڕیی بۆ رەحمی کۆچی کوڕی جێهێشت، رەحمی کۆچ ساڵی 2003 هەمان ئەرکی سپاردە مستەفا کۆچی کوڕی.

کۆچ لە لیستی (فۆرچن گڵۆباڵ 500)ی ساڵی 2024دا، پلەی 194ی بەدەستهێنا. لەو توێژینەوەیەی ژووری پیشەسازیی ئەستەنبووڵ لەژێر ناوی (500) گەورەترین دامەزراوەی پیشەسازیی تورکیا" بۆ ساڵی 2019 ئامادەی کردبوو، چوار کۆمپانیای سەر بە گرووپی کۆچ توانییان بچنە نێو لیستی 10 یەکەمەکان.

بەگوێرەی ئەو توێژینەوەیەی (گۆڤاری ئیکۆنۆمیست) لەبارەی دەوڵەمەندترین خێزانەکانی تورکیا ئەنجامی داوە، خێزانی کۆچ بەو سەرمایەیەی هەیانە، لە پلەی یەکەمی دەوڵەمەندترین خێزانەکانی تورکیادان.

 

کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان06-06-2026

بابەتی پەیوەندیدار

سەیران لە دارستانەکانی ئیستەنبووڵ قەدەخەکرا
تورکیا06-06-2026

سەیران لە دارستانەکانی ئیستەنبووڵ قەدەخەکرا

ئەردۆغان پێشوازیی لە پارێزگاری کەرکووک کرد
تورکیا06-06-2026

ئەردۆغان پێشوازیی لە پارێزگاری کەرکووک کرد

گێڕانەوەی نوکتەیەک لەسەر ژنی کورد، بازرگانێکی تورکیای رووبەڕووی دادگا کردەوە
تورکیا06-06-2026

گێڕانەوەی نوکتەیەک لەسەر ژنی کورد، بازرگانێکی تورکیای رووبەڕووی دادگا کردەوە

پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە