رووداو دیجیتاڵ
میدحەت سانجار، ئەندامی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی دەڵێ، عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ قۆناخی داهاتووی پرۆسەی چارەسەری نەخشەڕێگەیەکی نوێی پێشکێش کردووە کە لە 3 تەوەری سەرەکی پێکدێت. سانجار جەختی لەسەر پێویستی دەرکردنی یاسایەک پێش پشووی هاوینی پەرلەمانی تورکیا کردەوە.
سانجار لە هەڤپەیڤینێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای بوونی سستی و وەستان لە چەند مانگی رابردوودا پرۆسەی چارەسەری بەردەوامە و دوای دوایین دیداریان لە 24ی ئایاری 2026 لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پرۆسەکە جووڵەی تێکەوتووەتەوە.
بەپێی سانجار، نەخشەڕێگەکەی ئۆجەلان بۆ تێپەڕاندنی کۆسپەکان لەسەر سێ تەوەر دامەزراوە: یەکەم؛ سرووشت و کوالێتیی یاساکە. دووەم، دامەزراوەییبوونی پرۆسەکە. سێیەم، پێناسەکردنی رۆڵ و پێگەی لایەنەکان لە پرۆسەکەدا.
ئەندامەکەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی روونیکردەوە کە ئۆجەلان چەمکی "یاسای خانەی بنەڕەتی" بۆ یاسای چوارچێوە بەکارهێناوە، کە ئامانج لێی لابردنی زیانەکانی 42 ساڵ لە جەنگ و نوێکردنەوەی بنەماکانی دیموکراسییە بۆ گواستنەوە لە تووندوتیژییەوە بۆ سیاسەت؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە پرۆسەکە لە رێگەی میکانیزم و لیژنەی روونەوە ببێتە خاوەن ناسنامەیەکی یاسایی و دامەزراوەیی و تەنیا لەسەر بنەمای دیدارە کەسییەکان بەڕێوە نەچێت.
سانجار ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە سەبارەت بە رێککەوتنی پێشوەختە لەسەر رەشنووسێک لەنێوان پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) و دەم پارتی هەن و گوتی:" ئێستا هیچ رەشنووسێک یان نێوەرۆکێکی ئامادەکراو لەبەردەستی ئێمەدا نییە کە لەلایەن دەسەڵاتەوە پێشکەشکرابێت. ئەوەی هەیە تەنیا گۆڕینەوەی بیروڕا و دانوستاندنی سەرەتاییە لەسەر ئامادەکارییەکانی یاسای چوارچێوە،" ، بەڵام جەختی کردەوە کە دیدارەکانیان لەگەڵ شاندی ئاکپارتی لە پەرلەمان بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا بەردەوامە.
رۆژی هەینی،5 ی حوزەیران 2026 شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی لەگەڵ شاندی ئاکپارتی لە پەرلەمان کۆبوونەوە. هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی پێش ئەوەی پەرلەمانی تورکیا بچێتە پشووی هاوینە لە مانگی تەممووز، چەند هەنگاویکی یاسایی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری بخرێنە ناو کارنامەی پەرلەمان و دەنگیان لەسەر بدرێت.



