رووداو دیجیتاڵ
ئەنقەرە یەکەم باڵیۆزخانەی لە رێکیاڤیکی پایتەختی ئایسلەند کردەوە، کە بە گوێرەی میدیای تورکیا تاوەکو حەفتاکانی سەدەی رابردووش کوشتنی تورک لەو وڵاتە ئەورووپییەدا بەگوێرەی یاسا رێپێدراو بوو.
دوای دەرکردنی بڕیارنامەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، مستەفا لەڤەند بیلگەن وەکو باڵیۆزی تورکیا لە ئایسلەند دەستنیشانکرا. پێشتر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان تورکیا و ئایسلەند لە رێی باڵیۆزخانەکانی هەردوو وڵات لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج بەڕێوەدەچوون.
وەزیری دەرەوەی ئایسلەند پێشوازیی لە بڕیارەکەی تورکیا بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانە کرد، بەڵام رایگەیاند وڵاتەکەی لەم قۆناخەدا پلانی نییە باڵیۆزخانە لە ئەنقەرە بکاتەوە.
لە چوارچێوەی گۆڕانکاریی لە پۆستی نوێنەرایەتییەکانی تورکیا لە وڵاتانی جیهاندا کە لەلایەن هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاوە راگەیێندرا، دەستنیشانکردنی باڵیۆزی تورکیا لە ئایسلەند پێشهاتی هەرە سەرنجڕاکێش بوو.
بە دەستبەکاربوونی مستەفا لەڤەند بیلگەن وەک باڵیۆزی تورکیا لە رێکیاڤیک، لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات هەڵدرایەوە.
تاوەکو ئێستا تورکیا و ئایسلەند باڵیۆزخانەیان لە وڵاتی یەکدی نەبوو. پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە رێی باڵیۆزخانەکانیان لە ئۆسلۆی نەرویج رێکدەخران.
چاوەڕێ دەکرێت ئەم هەنگاوە هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکاندا بەرەو پێشەوە ببات.
ئایسلەند: باڵیۆزخانە لە ئەنقەرە ناکەینەوە
سۆرگەردور کاترین گونارسدۆتیر، وەزیری دەرەوەی ئایسلەند خۆشحاڵی خۆی بە بڕیارەکەی تورکیا دەربڕی، بەڵام رایگەیاند وڵاتەکەی لەم قۆناخەدا پلانی نییە باڵیۆزخانە لە ئەنقەرە بکاتەوە.
هەروەها گوتی:" پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ئاستێکی جێگیر و بونیادنەردایە".
گونارسدۆتیر رایگەیاند، پەیوەندییەکانی تورکیا و ئایسلەند لەسەر بنەمایەکی بەهێز دامەزراون و ئەندامێتیی هەردوو وڵات لە هاوپەیمانیی ناتۆ، گرنگترین خاڵی هاوبەشە؛ هەروەها گوتی: "پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات زۆر باش و رێکن. هەردووکمان ئەندامی ناتۆین و تورکیا خاوەنی دووەم گەورەترین هێزی سەربازییە لە نێو هاوپەیمانێتییەکەدا."
بڕیاری کردنەوەی باڵیۆزخانە لە رێکیاڤیک، تەنیا لە رووی دیپلۆماسییەوە گرنگ نییە، بەڵکو وەک نیشانەیەک بۆ گرنگیدانی ستراتیجیی تورکیا بە ناوچەکانی باکووری ئەتڵەسی و جەمسەری باکوور دەبینرێت.
شارەزایان پێیانوایە ئەم باڵیۆزخانەیە پێگەی ئەنقەرە لە بوارەکانی وزە، بازرگانی، گەشتیاری و هاوکارییەکانی ناتۆ لە ناوچەکەدا بەهێزتر دەکات.
بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکانی تورکیا، لە وڵاتی ئایسلەند تاوەکو حەفتاکانی سەدەی رابردوو، کوشتنی تورکەکان بەگوێرەی یاسا رێگەپێدراو بووە. ئێستا میدیای تورکیا ئەمەی دووبارە خستووەتەوە رۆژەڤ.
ئەو چیرۆکەی لەمبارەیەوە هەیە و باس دەکرێ، لە سەرچاوەکانی تورکیادا ئاماژەی پێدراوە. بەگوێرەی چیرۆکەکە ئەو یاسایە بۆ ساڵی 1627 دەگەڕێتەوە، کاتێک کەشتیگەلی عوسمانی بە سەرکردایەتی (موراد رەئیس) هێرشیان کردە سەر ئایسلەند و نزیکەی 400 کەسیان بە دیل گرت.
دەگوترێ بەهۆی هێرش و دنەدانی عوسمانییەکان لە شارەکانی گرینداڤیک و ڤێستمانایار، یاسایەک دەرچوو کە کوشتنی هەر تورکێک لەسەر خاکی ئایسلەند بە رەوا بینرا.
هەرچەندە بەهۆی ئەو یاسایەوە هیچ تورکێک نەکوژرا و یاساکەش دواتر لەبیرکرا، بەڵام تاوەکو ساڵانی 1970 بە فەرمی هەڵنەوەشایەوە.
ئێستاش وشەی تورک لە فەرهەنگی بەشێک لە ناوچەکانی ئایسلەند، بە واتای (مرۆڤڕفێن) دێت.
بەڵام پسپۆر و مێژوونووسانی ئایسلەند بوونی یاسایەکی وەها رەتدەکەنەوە. ئەمە لەکاتێکدایە ئەو سەرچاوانەی تورکیا کە بانگەشەی بۆ دەکەن، هیچ دەقێکی یاساییان لەبەردەستدا نییە.
زۆر جار بەرپرس و پسپۆرانی ئایسلەند رووبەڕووی ئەو پرسیارە کراونەتەوە و بە گشتی هەمان وەڵام دەدەنەوە. ئەوان دەڵێن:"ئەگەر یاسایەکی وەها هەبووایە، ئێستا دەقی ئەو یاسایە دیار دەبوو. یان ئامار لەبارەی کوژرانی ئەو تورکانە لەبەردەستدا دەبوو. لەکاتێکدا سەرچاوە تورکییەکانیش دان بەوەدا دەنێن کە هیچ تورکێک لە ژێر سایەی ئەو یاسانە نەکوژراوە.
هاوکات ئەو بەرپرس و پسپۆرانەی ئایسلەند ئاماژە بە خاڵێک دەکەن کە ئەویش دەستەواژەی (تورک)ە. ئەوان دەڵێن لەو کاتەدا ئایسلەندییەکان وشەی (تورک)یان تەنیا بۆ ئەو کەشتیکەلانەی سەر بە عوسمانی بەکاردەهێنا کە چەتەگەری و رێگرییان دەکرد و هێرشیان دەکردە سەر خاکی ئەوان.




