رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی ئیی پارتی دوای دەستلەکارکێشانەوەی، پەیوەندیی بە ئاکپارتی کرد. رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەندامێتی پەسند کرد و پێشوازیی لێکرد. بەمەش ئیی پارتی تەنیا 29 پەرلەمانتاریان مایەوە.
رۆژی چوارشەممە 10ـی حوزەیرانی 2026، ئەرسین بەیاز، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئیی پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ، بە فەرمی پەیوەندیی بە فراکسیۆنی ئاکپارتی کرد. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا، ئەندامبوونی لە ئاکپارتی پەسند کرد. ژمارەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی ئاکپارتی بۆ 276 زیادیکرد.
رۆژی 1ـی حوزەیرانی 2026، ئەرسین بەیاز، کە یەکێکە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری ئیی پارتی و هاوکات پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئەو پارتە بوو لە بازنەی ئیستەنبووڵ، دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردەوە.
بەیاز، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس نوسیبووی: "دەستلەکارکێشانەوەم لە ئیی پارتی بۆ رای گشتیی رادەگەیێنم. لەمەودوا هیچ پەیوەندییەکم بە ئیی پارتی نەماوە و لە بەرەیەکی دیکە کاردەکەم."
تاوەکو ئێستا 15 پەرلەمانتاری ئیی پارتی دەستیان لەکارکێشایەوە، چواریان پەیوەندییان بە ئاکپارتی و نۆ پەرلەمانتاریش پەیوەندییان بە جەهەپە کرد. دوو پەرلەمانتاریش سەربەخۆ لە پەرلەمان ماونەتەوە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا، کە رۆژی 31ـی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو، ئیی پارتی رووبەڕووی شکستێکی گەورە بووەوە و تەنیا شارەوانییەکی بردەوە. ئەوەش بووە هۆی توڕەبوونی ئەندام و لایەنگرانی ئەو پارتە و زۆربەیان داوایان لە مەرال ئاکشەنەر کرد، دەست لەکاربکێشێتەوە.
رۆژی 27ـی نیسانی 2024، ئیی پارتی پێنجەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی بەست و لە گەڕی سێیەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی پارتەکە، موساوات دەرویشئۆغڵو، بە سەرۆکی نوێی ئیی پارتی هەڵبژێردرا.
سەرباری بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە و هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ، بەڵام کێشە نێوخۆییەکانی ئەو حیزبە نەتەوەپەرستە بەردەوامە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، ئیی پارتی تەنیا سەرۆکایەتیی شارەوانیی پارێزگای یۆزگاتی بردەوە و لە سەرانسەری تورکیادا یەک ملیۆن و 735 هەزار و 924 دەنگی بەدەستهێنا کە رێژەی دەنگەکانی 3.77% بوو.
ئەوە لەکاتێکدایە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا، کە لە رۆژی 14ـی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، ئەو پارتە 4 ملیۆن و 803 هەزار و 774 دەنگی بەدەستهێنا. بەرێژەی 9.68%ـی دەنگەکان، خاوەن 44 کورسی پەرلەمان بوو. ئێستا خاوەنی 29 کورسی پەرلەمانە.

.jpg&w=3840&q=75)

