رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، چارەسەری پرسی کورد و بەدیموکراسیکردنی تورکیا، بە یەکسانیی هاونیشتمانیبوون، مافی زمانی دایک و تێکۆشانی ئاشتییانەوە دەبێت.
رۆژی شەممە، 13ـی حوزەیرانی 2026، بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر رووناکبیر، نووسەر، سیاسەتڤان و کەسایەتیی کۆمەڵایەتیی، لە ئیستەنبووڵ کۆنفرانسی "گۆڕینی دیموکراسییانەی کۆمار لە سەدەی دووەمدا" بەڕێوەچوو. تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی تێیدا گوتارێکی پێشکێش کرد.
تولای هەتیمئۆغوڵاری، ئاماژەی بەوە کرد کۆنفرانسەکە لە داواکارییەکانی کرێکاران، رەنجدەران و ژنانەوە سەرچاوەی گرتووە و گوتی، "دەستووری ساڵی 1921 بەشی هەرە گرنگی گەلانی لەخۆگرتبوو، بەڵام بەداخەوە دواتر لەگەڵ دەستووری ساڵی 1924، ئایدۆلۆژیایەکی رەگەزپەرستانە و تاکڕەوانە سەریهەڵدا. ئایدۆلۆژیایەک کە هەموو جیاوازییەکانی رەتدەکردەوە."
هاوسەرۆکی دەم پارتی هەروەها گوتی، "لازەکان (پێکهاتەیەکی نەتەوەییە) ناتوانن بە زمانی خۆیان قسە بکەن و توانەوە. ئەرمەنەکان دوای کۆچپێکردن ناچار بە کۆچکردن کرانەوە. هەوڵدەدرێت زمانی عەرەبەکان لەبیربکرێت. واتە زۆر گەل دەتوێنرێنەوە. لە بەرامبەر ئەمەدا، گەلی کورد لە مێژووی تورکیادا گەورەترین تێکۆشانی نیشانداوە. لە رۆژی دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە، تێکۆشانی خۆیان بۆ مانەوە، مافی زمانی دایک و بوون بە هاووڵاتیی یەکسان بە شێوەیەکی زۆر رێکخراو تاوەکو ئەمڕۆ هێناوە."
بە گوتەی هاتیمئۆغوڵڵاری، لە سەدەی دووەمی کۆماردا، هەموو گەلان و باوەڕە جیاوازەکان لە تورکیا، وەک عەلەوییەکان و کورد، دەیانەوێت وەک هاونیشتمانیی یەکسانی ئەم وڵاتە بوونیان هەبێت و بتوانن بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن و ئایین و پەرستشەکانیان بە ئازادی ئەنجام بدەن.
لەبارەی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، گوتی، "بانگەوازەکەی پەیامێکی بەهێزی دا؛ گەلی کورد تاوەکو ئەمڕۆ بە تێکۆشانێکی زۆر بەهێز، تێکۆشانی بوون و نەبوونی بەڕێوەبردووە. ئێستاش چاوەڕوان دەکرێت گرنگترین دەستکەوت لە سەدەی دووەمی کۆماردا، دانپێدانانی یاسایی و سیاسی بێت بە بوونی کورد."
جەختی لەوەش کردەوە، "بێکاری و هەژاری لە تورکیا 50 ملیۆن کەسی گرتووەتەوە. بۆیە تێکۆشانێکی بەهێز و پەیامێکی ئاشتییانە لەلایەن هەموو کرێکاران و رەنجدەرانی تورکیا، بەتایبەتی تورکەکان، هەروەها کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە، گەنجان، بەرگریکارانی سرووشت و مافی مرۆڤ، رێگە بۆ کۆمارێکی دیموکراسیی دەکاتەوە."


