رووداو دیجیتاڵ
وەیسی ئاکتاش، کەسایەتیی سیاسیی باکووری کوردستان و ئەندامی پێشووی سکرتاریەتی ئۆجەلان لە ئیمراڵی رایدەگەیێنێت، تورکیا لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدایە و دەبێت لە نێوان تەسلیمبوون بە ترسەکانی پێشووی یان کردنەوەی دەرگای سەدەیەکی نوێ، یەکێکیان هەڵبژێرێت.
لە کۆنفرانسی "وەرچەرخانی دیموکراتیی کۆمار لە سەدەی دووەمدا" کە لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو، وەیسی ئاکتاش توێژینەوەیەکی لەژێر ناونیشانی "تێکەڵبوونی دیموکراتی و بونیادنانی ژیانی هاوبەش لە چارەسەری پرسی کورددا" پێشکێش کرد.
ئاکتاش لە گوتارەکەیدا ستایشی هەڵوێستی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەی کرد بۆ دەستپێشخەری و پاڵپشتیکردنی پرۆسەی ئاشتی و گوتی: "ئێستا کاتی ئەوە هاتووە لە 'ئاشتیی نەرێنی' کە تەنیا شەڕنەکردنە، بەرەو 'ئاشتیی ئەرێنی' هەنگاو بنێین کە بونیادنانی داهاتوویەکی هاوبەشە."
ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک؛ رێگەی سێیەم
وەیسی ئاکتاش چەمکی "ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک"ی وەک رێگەی سێیەم لە نێوان ئاسیمیلاسیۆن و جیاخوازی ناساند و جەختی کردەوە کە "ئەمە نە سەرکەوتنی لایەنێکە و نە خۆبەدەستەوەدانی لایەنەکەی دیکەیە، بەڵکو یەکگرتنە لەسەر بنەمای یەکسانی بۆ ئەوەی هەر ناسنامەیەک بە شکۆوە شوێنی تێدا بێتەوە."
بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە، ئاکتاش ئاماژەی بە شەش خاڵی کرد:
1. ناسینی دوولایەنەی ناسنامە نەتەوەیی، زمانەوانی و کولتوورییەکان.
2. هاووڵاتیبوونی یەکسان و خاوەن پێگەی یەکسان.
3. گفتوگۆی دیموکراتی و ئیرادەی ئازاد لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەدا.
4. یەکێتی لەناو جیاوازییەکاندا و بینینی جیاوازی وەک دەوڵەمەندی.
5. بەهێزکردنی بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکان و رەتکردنەوەی سیستەمی قەیوم.
6. جێگیرکردنی مافەکانی زمان و کولتوور لە دەستووردا.
سێ کۆڵەکەکەی ئۆجەلان بۆ ئاشتی
وەیسی ئاکتاش تیشکی خستە سەر دیدگای عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ "کۆماری دیموکراتیک" و رایگەیاند کە سێ یاسای بنەڕەتی وەک کۆڵەکەی ئاشتی پێشنیاز کراون:
- یاسای کۆمەڵگەی دیموکراتیک: بۆ گەرەنتیی فرەیی و کولتووری ئاشتی.
- یاسای هاووڵاتیبوونی ئازاد: پێناسەکردنەوەی پەیوەندیی هاووڵاتی و دەوڵەت لەسەر بنەمای یەکسانی.
- یاسای دیموکراسیی خۆجێیی: بۆ کەمکردنەوەی تووندیی ناوەندی و بەشداریی خەڵک لە بڕیارەکاندا.
ئاکتاش ئاماژەی بەوەش کرد، بانگەوازەکەی ئۆجەلان لە ساڵی 2025 بۆ چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، وەرچەرخانێکی گرنگ بوو و ئێستا گۆڕەپانەکە بۆ بونیادنانی ژیانێکی هاوبەش ئامادەیە.
وەیسی ئاکتاش کێیە؟
وەیسی ئاکتاش لە ساڵی 1990ـەوە یەکێک بووە لە بەرپرسانی پەکەکە. لە ساڵی 1993 دەستگیرکرا و سزای زیندانیی هەمیشەیی بەسەردا سەپێندرا. لە ساڵی 2015 گوازرایەوە بۆ زیندانی ئیمراڵی و وەک ئەندامی "سکرتاریەتی ئیمراڵی" لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان مایەوە. دوای تەواوبوونی سزاکەی، لە 25ی تەممووزی 2025 ئازادکرا و ئێستا وەک کەسایەتییەکی سیاسی لە باکووری کوردستان چالاکە.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)