رووداو دیجیتاڵ
تونجەر باکرهان لە ئامەدەوە رایگەیاند، پێویستە هەلومەرجی فیزیکیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستەبەر بکرێن و پارتەکان و میدیاش بتوانن دیدار لەگەڵ بەڕێزیان بکەن.
ژمارەیەک پارت و دامەزراوەی سیاسیی کورد ئەمڕۆ یەکشەممە 25-10-2026 لە هوتێلێکی ئامەدی باکووری کوردستان کۆبوونەوە. تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، گوڵجان کاچماز سایغیت و محەممەد کەماچ، هاوسەرۆکانی دەستپێشخەریی یەکێتیی دیموکراتی، نوێنەرانی پارتەکان، پەرلەمانتارانی دەم پارتی و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بەشدار بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا تونجەر باکرهان تیشکی خستە سەر گرنگیی یەکڕیزیی کورد و گوتی:"دەمانەوێت یەکڕیزیی کورد بەهێزتر بکەین و بۆ ئەمەش کۆبووینەتەوە. ئەو هاوڕێیانەی هاتوونەتە ئێرە دەبێت بە ئازادی داواکارییەکانیان بخەنەڕوو. ئێمە چووینە باشوور و لەوێ کۆبووینەوە؛ ئەو وێنەیەی نیشانمان دا لەلایەن گەلەکەمانەوە بە ئەرێنی پێشوازیی لێکرا، لێرەش دەمانەوێت ئەو وێنەیە نیشان بدەین".
لەبارەی گۆڕانکاریی تورکیا و ناوچەکە تونجەر باکرهان گوتی:"بە قۆناخێکدا تێدەپەڕین کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە. لە رۆژئاوا رێککەوتنێک هەیە، بەڵام هێشتا لەسەر بنەمایەکی روون جێگیر نەبووە. لە قۆناخێکدا کە باس لە رۆژهەڵات، باشوور و رۆژئاوا دەکرێت، ئێمەش لەگەڵ ئەوانەی باکوور قسە دەکەین".
هاوسەرۆکی دەم پارتی عەقڵێکی هاوبەش بە پێویست دەزانێت و دەڵێت:" پێویستە پارت و دامەزراوە سیاسییە کوردییەکان بە دیدێکی رەخنەیی و رەخنە لە خۆگرتنەوە بەشدار بن".
باکرهان ئاماژەی بەوە کرد کە پرسی کورد لەسەر زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت و گوتی: "بونیاتنانی ئاشتی بۆ کورد گرنگە. کاتی گفتوگۆ و دانوستاندنە لە پەرلەمان. کاتی قسەکردنە لەسەر ماف و ئازادییە دیموکراسییەکان. کاتی دەستەبەرکردنی زمانی دایک و ئازادیی کوردە. باس لە زمان، دیموکراسیی خۆجێی و یاسا رەگەزپەرست و تاکڕەوەکانیش دەکەین."
هاوسەرۆکی دەم پارتی هۆشداری دا لە بێ بایەخکردنی پرۆسەی چارەسەری و گوتی: "ئەگەر پرۆسەکە تەنیا وەکو پرۆسەیەک ببینین کە دەسەڵات و دەوڵەت بەڕێوەی دەبەن، رەنگە دەرئەنجامی نەرێنیی لێبکەوێتەوە. دەتوانین پرۆسەکە بە شێوەیەکی هاوبەش بەڕێوەببەین و داواکاریی پێکهاتە کوردییەکان لەمەوە بخەینەڕوو."
تونجەر باکرهان، نەیشاردەوە کە تێبینیان لەسەر پرۆسەکە هەیە و گوتی: "سستییەک لە پرۆسەکەدا هەیە، ئەم سستییەش دەکرێ بە هەنگاوی بەرجەستەی دەوڵەت نەهێڵین و خێراتری بکەین." باسی باشکردنی دۆخی ئۆجەلانیشی کرد و گوتی: "پێویستە هەلومەرجە فیزیکییەکانی بەڕێز ئۆجەلان دەستەبەر بکرێن. پارتەکانی ئێرە و میدیا دەتوانن لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان کۆببنەوە، بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بکرێن و گوشارەکانی سەر میدیا هەڵبگیرێن. دەتوانن چەندین هەنگاوی لەم شێوەیە بنێن".
باکرهان باسی کۆڕبەندی مێریی کرد کە لە هەولێر بەڕێوەچوو و ئەویش تێیدا بەشدار بوو، لەبارەی کۆڕبەندەکە گوتی:"هێزە سەرەکییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەوێ ئامادە بوون. ئەو وێنەیەی لەوێ نیشانماندا زۆر بە دڵی خەڵکەکەمان بوو. پێویستە ئەم جۆرە وێنانە زیاتر بکەین و لەسەر ئەرزی واقیع پیادەی بکەین. دەتوانین بە وێنەی هاوبەش بەرەوپێش بچین."
یەکێک لەو پرسیارانەی کورد لە بابەتی پرۆسەدا دەیکات، ئازادبوونی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەیە. باکرهان گوتی:"بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش و یوکسەکداغ و لابردنی قەییوومەکان، پێویست بە راپۆرتی پشتڕاستکردنەوە و دەستنیشانکردن لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە ناکات؛ ئەم هەنگاوانە دەکرێت بنرێن".



