رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی کایاپناری سەر بە ئامەدی باکووری کوردستان، سێ گومانلێکراو بە ناوی پۆلیسەوە تەلەفۆنیان بۆ ژنێکی تەمەن 70 ساڵ بە ناوی زەکییە ئاسڵان کردووە و یەک کیلۆ و 200 گرام زێڕیان لێ بردووە.
رووداوەکە رۆژی 14ی تشرینی یەکەمی 2026 روویدا. کەسێک لە رێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە زەکییە ئاسڵانی دانیشتووی گەڕەکی فورات دەکات و خۆی وەک پۆلیس دەناسێنێت و پێی دەڵێت: "کچەکەت ماڵەکەی فرۆشتووە و زێڕی پێ کڕیوە. ئەو زێڕانە رادەستی ئێمە بکە بۆ ئەوەی بزانین دزراون یان نا."
ئەو کەسەی لەسەر هێڵەکە بووە بە ئاسڵانی راگەیاندووە کە پۆلیس دەنێرێتە سەر ناونیشانەکەی و داوای لێکردووە زێڕەکان رادەستی ئەوان بکات.
ئاسڵانیش زێڕەکانی لە نێو کیسی نایلۆندا رادەستی دوو کەس کردووە کە چوونەتە بەردەم ماڵەکەی.
کەسوکارەکەی بەهۆی ئەوەی تەلەفۆنەکەی بۆ ماوەیەکی زۆر سەرقاڵ بووە، گومانیان کردووە و دۆخەکەیان بە ئەسما ئاسلانی کچی زەکییە راگەیاندووە.
دوای ئەوەی دایکی رووداوەکەی بۆ گێڕاوەتەوە، ئەسما ئاسڵان زانیویەتی فێڵیان لێکراوە و پەیوەندی بە پۆلیسەوە کردووە.
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی تیمەکانی هۆبەی ئاسایشی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئامەد، رۆژی 15ی تشرینی یەکەم هەریەک لە (ی.ئـ)، (ئی.ئـ) و (ئـ.م) دەستگیر کران.
تۆمەتبارەکان دوای تەواوبوونی رێکارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس، رەوانەی دادگە کران و لەلایەن دادوەرەوە بڕیاری زیندانیکردنیان بۆ دەرکرا.
ئەسما ئاسڵان رایگەیاند، دوای سکاڵاکەیان، تیمەکانی پۆلیس گوتەیان لە دایکی وەرگرتووە و گوتی: "لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا و لە ئەنجامی هەوڵی دڵسۆزانەی تیمەکانی نووسینگەی نەهێشتنی فێڵکردن، دوو لە تۆمەتبارەکان دەستگیرکران و دانینان بە تاوانەکەیاندا. ئەوانە ئەو کەسانە بوون کە لە بەردەرگە زێڕەکانیان لە دایکم وەرگرتبوو. دواتر زانیم کەسێکی دیکەش دەستگیرکراوە".
ئاسڵان هەروەها گوتی:" "دوو تۆمەتبار لە کاتی تاواندا دەستگیرکران. دانیان بە تاوانەکەیاندا نا، جا ئەو کەسانەش بوون کە زێڕەکانیان لە دایکم بردبوو. ئەوان بوون هاتبوونە باڵەخانەکەمان. لە کامێراوی چادێریشدا زۆر روون دیارە. ماوەی چوار ساڵ بە رەنج و ماندووبوون، شەو و رۆژم خستە سەر یەک و بە ئێشکگریم لە نەخۆشخانەکان، ئەمە بە حەڵاڵی دەستخستووە، کەچی کەسانێک زۆر بە ئاسانی و بە سێ چار کاژێر تەلەفۆنی ساختە کە خۆیان بە پۆلیس ناساندووە، بردیان و هەموو دەستکەوتەکەم چووە ئاو. لەو باوەڕەدام ئاسایشی دیاربەکر واز لەو بابەتە ناهێنێت. زێڕەکە نزیکەی یەک کیلۆ و 200 گرامە کە پێموایە دەکاتە حەوت بۆ هەشت تریلیۆن لیرە".
ئاسڵان هەروەها رایگەیاند، نۆ ساڵ لەمەوبەر بە هەمان شێوە فێڵیان لە دایکی کردووە و گرووپێک کەسی نەناسراو نزیکەی 22 هەزار لیرەیان لێی بردووە.



