رووداو دیجیتاڵ
تورکیا، فەرەیدوون سینیرلیئۆغڵو، وەزیری پێشووی دەرەوەی وڵاتەکەی و سکرتێری گشتیی ئێستای رێکخراوی ئاسایش و هاوئاهەنگیی ئەورووپای، بە فەرمی بۆ پۆستی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەربژێر کرد.
ئەمڕۆ شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەحمەد یڵدز، نوێنەری هەمیشەیی تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، نامەی فەرمیی بەربژێرکردنەکەیان پێشکێشی سەرۆکایەتیی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە.
ئەحمەد یڵدز گوتی، "سەرۆککۆمارمان، رەجەب تەیب ئەردۆغان، بە لەبەرچاوگرتنی لێهاتوویی، تواناکان، ئەزموونی نێودەوڵەتی و ئەو متمانەیەی بە باڵیۆز سینیرلیئۆغڵوی هەیەتی، بەربژێرکردنی بە گونجاو زانی."
نوێنەری هەمیشەیی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەسەر بەربژێرێک بۆ پۆستی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نەکراوە، بۆیە تورکیا بۆ "کارئاسانیکردن" بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، سینیرلیئۆغڵوی بەربژێر کردووە.
یڵدز جەختیشی کردەوە، ئەنقەرە رێز لەو نەریتە دەگرێت کە دەڵێت دەبێت ئەمجارە بەربژێری پۆستەکە لە ناوچەی ئەمریکای لاتین و کاریبی بێت، هەر بۆیەش تاوەکو ئێستا چاوەڕێیان کردووە.
فەرەیدون سینیرلیئۆغڵو، دیپلۆماتی تورکیایە و لە 2015 وەزیری دەرەوە بووە. لە ساڵانی 2016-2023 نوێنەری هەمیشەیی تورکیا بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئێستاش سکرتێری گشتیی رێکخراوی ئاسایش و هاوئاهەنگیی ئەورووپایە.



