رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، وردەکاریی پرۆژەیەکی نوێی پارتەکەی بە ناوی "100 پارێزگا و 1000 قەزا" ئاشکرا کرد، کە بەهۆیەوە نەخشەی ئیداریی تورکیا دەگۆڕێت و ژمارەی پارێزگاکان لە 81ـەوە بۆ 100 پارێزگا بەرزدەبێتەوە.
باخچەلی، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "تورکگون"ـی نزیک لە پارتەکەی، رایگەیاند: "بەپێی ئەو پرۆژەیەی ئامادەمان کردووە، پێشبینیی دروستکردنی 19 پارێزگای نوێ و 78 قەزای نوێ دەکەین، بەمەش کۆی ژمارەی پارێزگاکانی وڵات دەگاتە 100 و قەزاکانیش دەبنە 1000 قەزا."
سەرۆکی مەهەپە روونیکردەوە کە بەرزکردنەوەی قەزاکان بۆ ئاستی پارێزگا لەسەر بنەمای پێوەری بابەتی دەبێت، لەوانە: ژمارەی دانیشتووان، توانای گەشەسەندنی ئابووری، هەڵکەوتەی جوگرافی و پێگەی ستراتیژی؛ بەڵام ناوی هیچ قەزایەکی دیاریکراوی ئاشکرا نەکرد و گوتی: "پەرلەمانی تورکیا بە رێککەوتن لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت، لە رێگەی پڕۆژەیاساوە لە داهاتوودا ناوی ناوچەکان دیاری دەکات."
باخچەلی ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوەی بۆ گونجاندنی سیستمی ئیداریی وڵات لەگەڵ سیستمی سەرۆکایەتیی کۆمار و گەیشتن بە ئامانجەکانی "سەدەی تورکیا" گەڕاندەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دەوڵەت باخچەلی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم دابەشکارییە نوێیە ئیدارییە، هەنگاوێکی پێویستە بۆ چەسپاندنی ئارامی و سەقامگیری لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پرۆسەی چارەسەری، کە دەسەڵاتدارانی تورکیا بە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" ناوی دەبەن.
تورکیا و باکووری کوردستان لە 81 پارێزگا و 922 قەزا پێکدێن. بەپێی نوێترین داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا (تویک)، تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2026 ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە 86 ملیۆن و 320 هەزار و 602 کەس.


