رووداو دیجیتاڵ
ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) رایگەیاند، هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی چارەسەریدا یارمەتیدەربوون و لە قۆناخەکانی داهاتوودا رۆڵێکی گەورەتر دەبینن. ئاماژەی بەوەشدا، هەندێک لە ئەندامانی پەکەکە بۆ ماوەیەک لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە. دەشڵێت، ئەگەر ئەمە لە چوارچێوەی رێککەوتندا بێت، کێشە دروست ناکات.
ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت، لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی (گەڕان بەدوای پەیمانێکی نوێی کۆمەڵایەتیی هەرێمی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست) کە لە ئەنقەرە بە هاوبەشی لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ئۆرسام) و زانکۆی ئۆکسفۆرد رێکخرابوو، تیشکی خستە سەر پرسی کورد و پرۆسەی چارەسەری و رایگەیاند، چارەسەرکردنی کێشەکە پێویستی بە هەنگاوی دیموکراتی و یاسایی هەیە و چەکدانان بە تەنیا بەس نییە.
کاڵن ئاماژەی بە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی پرسی کورد کرد و گوتی، یەکێک لە رەهەندە سەرەکییەکانی کێشەکە ئەوەیە کە "بەشێک لە کوردەکان هەست دەکەن پەراوێزخراون، جیاکارییان لەگەڵ کراوە و لە مافەکانیان بێبەش کراون." ئەو جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەم هۆکارانە چارەسەر بکرێن.
سەرۆکی میت رایگەیاند، پرۆسەکە دوو پایەی سەرەکیی هەیە: یەکەمیان چەکدانانە، دووەمیشیان چارەسەرکردنی هۆکارە بنەڕەتییەکانی پرسی کوردە.
کاڵن گوتی، بابەتەکانی پەیوەست بە "شوناس، یادەوەری، فرەکولتووری و ناسنامەی کۆمەڵایەتی" پێویستە لە چوارچێوەی پرۆسەی بە دیموکراسیکردندا چارەسەر بکرێن.
سەرۆکی میت هۆشداریی دا کە پشتگوێخستنی هەر یەکێک لەم دوو رەهەندە، پرۆسەکە ناتەواو دەکات و گوتی: "ئەگەر پرۆسەکە تەنیا بۆ یەکێکیان کورت بکەیتەوە، ئەوا بە یەک پێ دەمێنێتەوە. پێویستە پرۆسەکە لەسەر دوو پێ بڕوات."
کاڵن پێیوایە چەکدانان بە تەنیا بەس نییە و پێویستە هەنگاوی نوێ لە بوارەکانی بە دیموکراسیکردن و یەکگرتنەوەدا بنرێت.
'بەرگرییەک لەلایەن سەرکردایەتیی پەکەکەوە هەیە'
سەبارەت بە خاوی پرۆسەکە کاڵن گوتی، هەنگاونان لە بواری چەکدانان و سیاسەتدا ئاسان نییە و "بەرگرییەک" لەلایەن سەرکردایەتیی پەکەکەوە هەیە.
کاڵن گوتی: "پرۆسەکە بەو خێراییەی دەتانەوێت بیبینن، بەڕێوە ناچێت. پرسیار و نیگەرانی سەبارەت بە چۆنیەتیی کۆتاییهاتنی پرۆسەکە هەن. من لەم نیگەرانیانە تێدەگەم، بەڵام ئێمە قسە دەکەین و هەوڵ دەدەین ئەم کێشانە چارەسەر بکەین و تێیانپەڕێنین."
سەرۆکی میت ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پابەندبوونی سەرکردایەتیی باڵای پەکەکە بە پرۆسەکەوە دەبینێت، بەڵام پێویستییان بە روونی و متمانەی زیاتر هەیە سەبارەت بە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە.
'یاسای زیاتر بۆ ئەندامانی پەکەکە دەربکرێت'
ئیبراهیم کاڵن روونیکردەوە کە پێویستە قۆناخەکانی چەکدانان تەواو بکرێن، رەزامەندیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی وەربگیرێت و "یاسای زیاتر" بۆ ئەو ئەندامانەی پەکەکە دەربکرێت کە یاسا تایبەتەکەی ئێستا نایانگرێتەوە. كاڵن پێیوایە دوای ئەم هەنگاوانە، پرۆسەکە خێراتر دەبێت.
کاڵن ئاماژەی بەوە کرد کە پرسی کورد تەنیا بە سنوورەکانی تورکیاوە سنووردار نییە و پێویستە لە سووریا، عێراق و ئێرانیش هەنگاو بەرەو یەکگرتنەوە و بەدیموکراسیکردن بنرێت.
سەرۆکی میت قوربانیدانی کورد لە شەڕی دژی داعشدا بەرز نرخاند و بەشداریکردنی کوردی لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و دامەزراوە سیاسییەکانی سووریادا بە "دەستکەوتێکی گەورە" ناوبرد.
"برا کوردەکانمان لە عێراق زۆر یارمەتیدەربوون"
کاڵن، هەروەها هەڵسەنگاندنی بۆ رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەکەدا کرد و ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندییەکان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمەکە کرد. کاڵن، ئەو پارتانەی بە "براکانمان" ناوبرد.
کاڵن، رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بە درێژایی پرۆسەکە یارمەتیدەربوون و گوتی، لەوانەیە لە قۆناخەکانی داهاتوودا رۆڵێکی گەورەتر ببینن. هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە هەندێک لە ئەندامانی پەکەکە بۆ ماوەیەک لە باکووری عێراق دەمێننەوە و ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەر ئەمە لە چوارچێوەی رێککەوتندا بێت، ئەوا کێشە دروست ناکات.


