رووداو دیجیتاڵ
دوای دەرچوونی بڕیاری دادگا لەسەر پووچەڵکردنەوەی کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و دوورخستنەوەی ئۆزگور ئۆزەل لە سەرۆکایەتیی پارتەکە، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رایگەیاند، ئەوان پەیوەندییان بەم بابەتەوە نییە.
ئەمرۆ دووشەممە، 25ی ئایاری 2026 عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو کێشەیە بە تەواوی ململانێ و ناوخۆیی خودی جەهەپەیە و گوتی، "ئێمە بە هیچ شێوەیەک لە هیچ شوێنێکی ئەم رووداوەدا نین. ئەم بابەتە پاش لێکۆڵینەوەی دادگە لەسەر ئەو داواکاری و سکاڵایانە هاتووە کە لە لایەن پەرلەمانتار، سەرۆک شارەوانی و بەرپرسانی پێشووی جەهەپەوە پێشکەش کرابوون، نەک لایەنی دەرەکی."
گوتەبێژی ئاکپارتی، ئۆزگور ئۆزەلی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەیەوێت "لاوازیی سیاسیی خۆی" لە رێگەی هێرشکردنە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە بشارێتەوە. چەلیک ئاماژەی بەوە کرد کە رێز لە خۆپێشاندان و رەخنەی سیاسی دەگرن، بەڵام قبووڵی ئەو زمانە زبر و سووکایەتییانە ناکەن، کە بەرامبەر پێگەی سەرۆکایەتیی کۆمار بەکارهێندراون.
چەلیک گوتی، "سەرۆککۆمار هێڵی سووری ئێمەیە. لە چوارچێوەی یاسادا رووبەڕووی ئەو کەسانە دەبینەوە، کە زمانی هەڕەشە و سووکایەتی دژ بە پارتەکەمان و سەرۆککۆمار بەکاردەهێنن."
لە وەڵامی گوتەکانی ئۆزەل کە گوتبووی "سیاسەت لە رێگەی دادگەوە دیزاین دەکرێت"، عومەر چەلیک روونیکردەوە کە ئاکپارتی لە مێژووی خۆیدا هەمیشە دژی دەستێوەردانی سەربازی و دادوەری لە سیاسیە وەستاوەتەوە و پارێزگاری لە سەروەریی سیاسەتی سڤیل کردووە. گوتیشی، هەروەک چۆن دژی گەندەڵیی ئابوورین، بە هەمانشێوە دژی پلانگێڕی، فێڵی سیاسیین لە نێو پارتەکاندا، ئێستاش دادگا لێکۆڵینەوە لەو فێڵە سیاسییانە دەکات کە خودی جەهەپەیییەکان لەسەر پارتەکەی خۆیان ئاشکرایان کردووە.
ئەم گوتانەی جەلیک دوای ئەوە دێت کە رۆژی یەکشەممە، 24ی ئایاری 2026 ئۆزگور ئۆزەل بریاری (پووچەڵکردنەوەی رەها)ی دادگەی بە بریار و کودەتایەکی سیاسی وەسف کرد و سەرۆکایەتی کۆماری بەوە تۆمەتبار کرد کە دەستێوەردان لە کاروباری دادگە و نێوخۆی جەهەپەدا کردووە.
