رووداو دیجیتاڵ
مایکل ئۆفلاهێرتی، کۆمیسیاری مافەکانی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی ئەورووپا، راپۆرتـێکی نوێی لەسەر دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا بڵاوکردەوە؛ تێیدا رایگەیاند کە زنجیرە لێکۆڵینەوە یاساییەکان دژی رۆژنامەڤانان، ئەو گومانە بەهێز دەکەن کە یاسای سزادان وەک ئامرازێک بۆ دەنگبڕینی میدیای رەخنەگر بەکاردێت.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە تورکیا لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین بڕیاری جێبەجێ نەکراوی دادگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپایی لەسەرە، کە کۆی گشتیی کێشە هەڵپەسێردراوەکان گەیشتووەتە 445 دۆسیە و زۆربەیان زیاتر لە 5 ساڵە چاوەڕێی جێبەجێکردن دەکەن. هەروەها کشانەوەی تورکیا لە (پەیماننامەی ئەستەنبووڵ) رەخنەی لێگیراوە کە بۆشاییەکی گەورەی لە پاراستنی ژنان لە تووندوتیژی دروست کردووە.
ئۆفلاهێرتی ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ ئەنقەرە کە هاوکات بووە لەگەڵ کارەکانی لێژنەی پڕۆسەی چارەسەری، لە نزیکەوە چاوی بە بەرپرسانی باڵای حکومەت و دادگەی دەستووری کەوتووە. راپۆرتەکە نیگەرانیی قووڵی دەربڕیوە لە جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکانی دادگەی دەستووری لەلایەن دادگاکانی خوارەوە، بە تایبەت لە دۆسیەکانی دادگەییکردن و دەستگیرکردنی پەرلەمانتاران.
بەپێی داتاکانی نێو راپۆرتەکە، لە کاتی خۆپێشاندانەکانی مانگی ئاداری 2025 دژی دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمامۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و سەرۆک شارەوانییەکانی دیکەی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن، هێزە ئەمنییەکان هێزی زۆریان بەکارهێناوە؛ بە جۆرێک 1,879 کەس دەستبەسەر کراون و 260 کەسیش پێش دادگەییکردن راگیراون. ئۆفلاهێرتی تیشکی خستووەتە سەر ئەوەش کە لە کاتی بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەدا، هێشتا 29 رۆژنامەڤان لە زیندانەکانی تورکیا دان.
پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەنجوومەنی ئەورووپا لەم ساڵانەی دواییدا رووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی سەخت بوونەتەوە. دادگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپایی بەپێی ماددەی 46ی پەیماننامەی ئەورووپا، بڕیارەکانی بۆ سەرجەم وڵاتانی ئەندام کردووەتە "ناچاری"، بەڵام پابەندنەبوونی ئەنقەرە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکان، تورکیای خستووەتە ژێر گوشار و مەترسیی سزای سیاسی.
بەردەوامیی ئەم ناکۆکییانە کاریگەریی نەرێنیشی لەسەر پڕۆسەی بەدیموکراسیکردن و چاکسازییە یاساییە ناوخۆییەکانی وڵاتەکە هەبووە.
