رووداو دیجیتاڵ
کەمال کڵچدارئۆغڵو، کە بەگوێرەی بڕیاری دادگە ئێستا سەرۆکی جەهەپەیە، رایگەیاند، پێکەوە رووبەڕووی سەختییەکان دەبنەوە و درۆ و بوختان ناتوانن برایەتیی نێوانیان تێکبدەن.
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گەڕێندراوەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە پەیامێکدا، کە شەوی رابردوو لە ئێکس بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند، "رەگەکانمان بە تووندی بەیەکەوە بەستراونەتەوە و پێکەوە رووبەڕووی هەر با و بۆرانێک دەبینەوە. نە درۆ و بوختانەکان و نە ئەو دیوارانەی دەیانەوێت لەنێوانماندا دروستی بکەن، ناتوانن ئەم برایەتییە تێکبدەن."
کەمال کڵچدارئۆغڵو پەیامەکەی بەبۆنەی جەژنی قوربان بڵاویکردووەتەوە، دەڵێ، "خوشک و برایانی خۆشەویستم، هاوڕێبازە بەڕێزەکانم، کاتێک بۆ جەژنێکی دیکەی قوربان ئامادەکاری دەکەین، لە ناخماندا لێپرسینەوە لە رابردوو دەکەین و لە دڵماندا هیوای داهاتووی باس دەخوازین".
کڵچدارئۆغڵو جەژنی بە برایەتی وەسفکردووە و نووسیویەتی، "با ئەم جەژنی قوربانە ببێتە بەهێزترین نیشانەی برایەتییە نەبڕاوەکەمان، هیوا و تێکۆشانی هاوبەشمان."
ئەم پەیامە لەکاتێکدایە کە رۆژی 21-05-2026 فەرمانگەی 36ـەمین دادگەی ئەنقەرە، 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەی بە "پووچەڵ و بێکاریگەر" هەژمارکرد.
بەمەش ئۆزگور ئۆزەل لە سەرۆکایەتیی جەهەپە دوورخرایەوە و کەمال کڵچدارئۆغڵو کە لە کۆنگرەکەدا دەرنەچووبوو، کرایەوە سەرۆکی جەهەپە.
هۆکاری بڕیارەکەی دادگە بۆ ئەوەی دەگەڕێتەوە کە سکاڵا لە دژی ئۆزگور ئۆزەل هەیە و بە دەستکاریکردنی نایاسایی کۆنگرەی جەهەپە تۆمەتبار کراوە.
