رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی لە مەرسین رایگەیاند، چوار جەژن بەسەر دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەریدا تێپەڕیون، بەڵام تاوەکو ئێستا دەوڵەت هەنگاوی نەناوە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵ و نیوێک بەسەر دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەری، ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتیی مەرسین رەخنە لە هەنگاونەنانی دەوڵەت بۆ ئاشتی دەگرێت و داوای دەرکردنی یاسایەکی بەپەلە بۆ ئاشتی دەکات.
تەنزیلە بایدار، ئەندامی ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی رایگەیاند، زیاتر لە ساڵێکە پرۆسەی چارەسەریی بەردەوامە، بەڵام دەوڵەت هەنگاوی نەناوە. ئاماژەی بەوەشکرد، لە جەژنی قوربانداین و بە دڵتەنگییەوە پێشوازی لە جەژن دەکەن و گوتی، "ئەگەر دەوڵەت لەم ماوەیەدا هەنگاوی بۆ ئاشتی بنایە، ئەمڕۆ منداڵەکانمان کە لە چیاکانن، لەنێوماندا دەبوون، زیندانییەکانمان لەنێوماندا دەبوون، لەبەرئەوەی هەنگاویان نەناوە، جەژنەکەمان بە دڵتەنگی بەڕێدەکەین. دەوڵەت رۆژانە لێدوانی نوێ دەدات."
گوتیشی؛ "لایەنی پەیوەندیدار بۆ پرسی کورد بەڕێز ئۆجەلانە. ماوەی ساڵ و نیوێکە پرۆسەیەک هەیە، بەڵام دوای مانگ و نیوێک دیدار ئەنجام دەدرێت، ئەم مامەڵە خۆسەپێنەرانە قبووڵ ناکرێت."
تەنزیلە بایدار، باسی لەوەش کرد 7 کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی (گەریلا بوون) گیانیان لەدەستداوە و گوتی، "سەرەڕای ئەمەش، باسی ئاشتی و برایەتی دەکەم. پێموایە گەلی تورکیش ئەمەی دەوێت، بەڵام هەنگاو نانرێت. رێبەرایەتی لە دوایین لێدوانیدا هۆشداریی دا لەبارەی پێویستیی هەنگاونانی بەپەلە بۆ ئاشتی. گۆشەگیری لەسەر رێبەرایەتیمان هێشتا بەردەوامە، کەی بیانەوێت دیدار ئەنجام دەدرێت و کەی نەیانەوێت رێگە نادەن."
بایدار راشیگەیاند، بۆ ئەوەی بتوانین متمانە بە ئاشتیی دەوڵەت بکەین، دەبێت سەرەتا زیندانییە نەخۆشەکان و دواتر هەموو زیندانییە سیاسییەکانمان ئازاد بکرێن. بۆ ئاشتی، پێویستە دایکانی سەرباز، گەریلا و پۆلیس دەست لەناو دەست بنێن. ئێمە شەڕمان ناوێت، ئاشتیمان دەوێت. با چیدی خوێنی رۆڵەی کەس نەرژێت."
دایکانی ئاشتی، بزووتنەوەیەکی مەدەنی و مافناسیی ژنانە، کە لە ساڵی 1996 لە تورکیا و باکووری کوردستان دامەزراوە. ئەو گرووپە زۆربەیان لەو دایکانە پێکهاتوون کە منداڵەکانیان لە شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکەدا گیانیان لەدەستداوە، بێسەروشوێن بوون، یان لە زیندانەکاندان.
داواکاری و ئامانجی سەرەکی ئەم بزووتنەوەیە، بریتین لە کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداری و چارەسەرکردنی پرسی کورد بە رێگەی دیالۆگ، فەرمیکردنی زمانی کوردی وەک زمانی پەروەردە و خوێندن، ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و باشترکردنی دۆخی زیندانەکان و ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو کەسانەی لە ساڵانی نەوەدەکاندا بێسەروشوێن کراون.
