رووداو دیجیتاڵ سیستمێکی نوێ بە ناوی (سیستمی دەنگی دەستنیشانکردن و بەدواداچوونی درۆن) لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی پیشەسازیی بەرگریی تورکیادا پەرەی پێدراوە کە دەتوانێت فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان لە رێگەی دەنگی بزوێنەر و پەروانەکانیانەوە ئاشکرا بکات. ئەم سیستمە لە لایەن کۆمپانیای ساغڵەمتێک (SAĞLAMTEK) ی پیشەسازیی ئاسمانی و بەرگرییەوە گەشەی پێدراوە و ئامانج لێی تەواوکردنی کارەکانی رادارە کلاسیکییەکان و سیستمی جۆری ئەلەکترۆپتیکییە. سەرۆکی تیمی پرۆگرامسازیی کۆمپانیاکە رایگەیاند، جیاوازیی ئەو سیستمە لەگەڵ رادارە ئاساییەکان ئەوەیە کە بە شێوازی بێ دەنگ کار دەکات، واتە هیچ شەپۆلێک نانێرێ تا شوێنی خۆی ئاشکرا بکات. عومەر بۆیراز، سەرۆکی تیمی پرۆگرامسازیی کۆمپانیاکە دەڵێ: "سیستمەکە بە سەرنج خستنە سەر دەنگی بزوێنەر و پەروانەی درۆنەکە، دەتوانێت بوون و ئاڕاستەی 360 پلەی ئاسۆیی و ستوونیی ئامانجەکە بە روونی دەستنیشان بکات." سیستمەکە دەتوانێت درۆنێکی قەبارە مامناوەند لە دووریی 570 مەتر و درۆنی باڵ جێگیری گەورە لە دووریی 3 کیلۆمەترەوە دەستنیشان بکات. هاوكات بەهۆی سووکیی کێشەکەیەوە کە کەمترە لە 1 کیلۆگرام و بەکارهێنانی تەنیا 30 ڤۆڵت وزە، هێزەکانی پیادە دەتوانن لە کاتی جووڵە و مانۆڕە سەربازییەکاندا تەنانەت بەپاوەربانکێک کاری پێبکەن بۆ خۆپاراستن لە هێرشی درۆنەکان. پیشەسازی بەرگریی تورکیا ساڵانەی زیاتر لە 120 هەزار درۆن بە جۆر و قەبارەی جیاواز لە رێگەی یەک کۆمپانیای ناوخۆ بەرهەم دەهێنێت و تا ئێستا نزیکەی 15 جۆر سیستمی دژە درۆنی بە قەبارەی جیاواز لە رێگەی چەند کۆمپانیایەکی ناوخۆ بەرهەم هێناوە.