رووداو دیجیتاڵ
هاوگوتەبێژی کۆمیتەی یاسایی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێ، ئاشتیی بەردەوام تەنیا لە رێگەی دابینکردنی گەرەنتیی یاسایی و هەنگاوەکانی بەدیموکراسیکردنەوە دەبێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە پێویستە حکومەت لە لێدوان تێپەڕێ و چاکسازیی کردەیی ئەنجام بدات.
رۆژی شەممە، 30ـی ئایاری 2026، سەڤدا چەلیک ئۆزبینگۆل، هاوگوتەبێژی کۆمیتەی یاسایی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) گوتی، دوای "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" لە 27ی شوبات و ویستی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری، پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد چووەتە قۆناخێکی مێژوویی نوێوە.
ئۆزبینگۆل روونیکردەوە کە لایەنە کۆمەڵایەتییەکان داوا دەکەن ئاشتی تەنیا لە ئاستی "راگرتنی شەڕدا" نەمێنێتەوە، بەڵکو لە رێگەی چاکسازیی دەستووری و یاساییەوە جێگیر بکرێ؛ هەروەها گوتی:" بانگەوازەکانمان بۆ پاراستنی بنەماکانی ئاشتی و گۆڕانکاریی دیموکراسی بەردەوامن. پێویستە پەرلەمان و دەسەڵاتدارن لە تەنیا لێدوانی نیازباشیدا نەمێننەوە و هەنگاوی یاسایی بنێن."
ئۆزبینگۆل باسی لەوەش کرد کە بابەتەکانی وەک گۆڕینی دۆخ و پەیوەندیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دەرکردنی یاسا بۆ ئەوانەی چەکیان داناوە، هەموارکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دۆخی زیندانیانی سیاسی و نەخۆش، مافی خوێندن بە زمانی دایک و پرەنسیپی هاووڵاتیبوونی یەکسان، بابەتگەلێکی وازنەهێنراون بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی ڕاستەقینە.
28ی ئایاری 2026 پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی رایگەیاند، کار لەسەر رەشنووسێک دەکەن کە لە 7 تاوەکو 8 ماددە پێکدێت و پلان وایە تەنیا بۆ یەکجار دەربکرێ، ئەوەش بە مەبەستی خێراکردنی پرۆسەی چارەسەری.
ئەگەر رەشنووکە بکرێتە یاسا، ئەوانەی چەک دادەنێن سوودمەند دەبن و لە ماوەیەکی دیاریکراودا دەرفەتیان پێدەدرێ بگەڕێنەوە بۆ تورکیا یان بچنە هەر وڵاتێکی دیکە کە خۆیان دەیانەوێ.

