رووداو دیجیتاڵ فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان لە دەریای عومان کەشتییەکی بارهەڵگریان بە مووشەک پەکخستووە، ئەوەش دوای ئەوەی کەشتییەکە هەوڵیداوە گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێران بشکێنێت و بچێتە ناو بەندەرێکی ئەو وڵاتەوە. رۆژی 30ی ئایاری 2026، سێنتکۆم لە ئێکس بڵاویکردەوە، دوێنێ هێزەکانمان کەشتیی بارهەڵگری (M/V Lian Star)یان بینیوە کە بە ئاڵای وڵاتی گامبیاوە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بەرەو بەندەرێکی ئێران لەسەر دەریای عومان دەڕۆیشت. بەپێی راگەیێندراوەکەی سوپای ئەمریکا، زیاتر لە 20 هۆشدارییان داوەتە کەشتییەکە و ئاگاداریان کردووەتەوە رێکارەکانی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا پێشێل دەکات. سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی ستافی کەشتییەکە ئامادە نەبوون پابەندی فەرمانەکان بن، فڕۆکەیەکی ئەمریکی مووشەکێکی جۆری هێڵفایەری ئاراستەی ژووری بزوێنەری کەشتییەکە کردووە و پەکیخستووە. سوپای ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا کەشتییەکە وەستاوە و چیتر بەرەو ئێران ناڕوات. ئەمە پێنجەمین کەشتیی بازرگانییە لە لایەن هێزە ئەمریکییەکانەوە لەوەتەی دەسپێکی گەمارۆکە لە 13ی نیسانەوە پەکبخرێت. بەپێی ئامارە نوێیەکانی سێنتکۆم، تاوەکو ئێستا رێڕۆی 116 کەشتیی دیکەیان گۆڕیوە تاوەکو رێگری بکەن لە گەیشتنی هەر کاڵا و هاوکارییەک بۆ بەندەرەکانی ئێران. ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدا دێن کە هێشتا ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بە فەرمی بەردەوامە، بەڵام واشنتن لە رێگەی ئەم گەمارۆ توندەوە گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ئابووریی تاران تاوەکو ناچاری بکات مەرجەکانی رێککەوتنی ئاشتی قبوڵ بکات.